ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان و برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ناوەندی بۆکان گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی ئاڵیکەندی سەر بە شاری بۆکان و برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ مانگ زیندانی تەعزیری دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ناوەندی بۆکان گواسترایەوە.
ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی بۆکان بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران»، بە سێ مانگ بەندی تەعزیری سزا درابوو. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. دواتر ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، بە بارمتەی کاتی تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.
لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١دا، محەممەدی حاجی ڕەسووڵپوور کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا دەستبەسەر کرابوو، دوای ماوەیەک لە مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵدا بەهۆی ئەو گوشارانەوە کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی کرابۆوە لە نەخۆشخانەی قولیپور لە شاری بۆکان، کۆچی دوایی کرد.