ئەرسەلان یووسفی، هاوڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی سڵامەتی سەر بە شاری بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی بۆکان گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ ئەرسەلان یووسفی، هاوڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی سڵامەتی سەر بە شاری بۆکان بە مەبەستی بەسەربردنی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی بۆکان گواسترایەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ ئەم هاوڵاتییە لە بانگهێشتکردنێکدا ئاگادار کرابوو کە دەبێت لە ٢٥ی بەفرانبار بۆ بەسەربردنی سزاکەی خۆی ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان بکات.
ئەرسەلان یووسفی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر کیشوەری، بە تۆمەتی بانگەشە لە دژی ڕژیم، و سووکایەتی بە ڕێبەری و پیرۆزییەکان، بە پێنج ساڵ بەندی تەعزیری سزا درابوو کە سزای سەرەتایی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا پەسەند کرابوو. ئەرسەلان یووسفی، ڕۆژی شەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو. لە کۆتاییدا ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ئەم هاوڵاتییە بە بارمتەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە گرتووخانە ئازاد کرابوو.