عەزیم یادگاری، هاووڵاتی خەڵکی شاری دێلۆران و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی بە دە ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەمە ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٤، عەزیم یادگاری، هاووڵاتی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری دێلۆران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری تاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەریی ئەم هاووڵاتییە پاش چەندین بانگهێشت لە پەیوەست بە جێبەجێکردنی سزای زیندانیی ئەنجامدراوە.
عەزیم یادگاری، لەگەڵ پێنج هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی «محەمەد حسێن حاسڵی، ناسر ڕەزایی، بەختیار محەمەدزادە، فەرشاد ئایینی، حسێن باپیروەند و سەعدوڵڵا ئایینی» هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا دەستبەسەر و بە ٥٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو. عەزیم یادگاری، لەم دۆسیەدا بە دە ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک لە شوێنی مانەوەی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نییە.