چل و پێنج ساڵ جینایەت و چەوسانەوە، چل و پێنج ساڵ خەبات و خۆڕاگریی

کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی ناتەواو کە بە یارمەتی ئیمپریالیستەکان شکڵی گرت بۆ ئەوەی شۆڕشی ئازادیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا خەڵتانی خوێن بکات. ڕژیم ئەوکارەی لە ڕێگەی چەوسانەوەی لەڕادەبەدەر، ستەمکاری سەرەرۆیانە و قەتڵی عامی فاشیستییەوە بەڕێوە برد. بەڵام لەبەرامبەر خۆیدا خەبات و ناڕەزایەتی و بەرخۆدانێکی پێکهێنا کە هەنگاو بە هەنگاو پەرەی سەند و قووڵتر بووەوە. ئەمڕۆ ١٢ی خاکەلێوە کە ساڵڕۆژی نمایشی فریوکارانە و ڕیاکارانەی ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامییە، وەبیرهێنانەوەی کورتەیەک لەم خەبات و تێکۆشانە نیشان دەدات کە ئەم ڕژیمە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا لەگەڵ کۆمەڵگایەکی ئارام و جەماوەرێکی بێدەنگ و گوێڕایەڵ بەرەوڕوو نەبووەتەوە. یەکەم هێرشی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش، لە ١٦ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٥٧دا ڕوویدا. لەو ڕۆژانەدا ڕۆژنامەی کەیهان لە قەولی” خومەینی”یەوە نووسی کە ژنان دەبێ بە حیجابی شەرعییەوە بچنە ناو وەزارەتخانەکان. سبەینێی ئەو ڕۆژە کە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بوو، خۆپیشاندانێکی گەورە لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، سنە، بەندەر عەباس، کرماشان و ورمێ، بە دروشمی “مەرگ بۆ ستەمکار”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری ئازادی و بەرابەری” و هتد، دەستی پێکرد و بە پاشەکشەکردنی ڕواڵەتی و کاتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، بە ئاکام گەیشت.

دووهەمین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی گرنگ لەدژی حکوومەتی ئیسلامی، لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ لە لایەن کرێکارانی بێکار لە ئیسفەهان بەڕێوە چوو. لە مانگەکانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامیدا، نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئێرانی، واتە ٢١٪ی هێزی کاری ئەو سەردەمە، بێکار بوون. ئەو کرێکارانە بە دروشمی ” کار یان بیمەی بێکاری” بزووتنەوەی بێکارانیان شکڵ پێبدا. ئەم بزووتنەوەیە لە شارە جۆراوجۆرەکان و لەوانە لە شاری ئیسفەهان، دەستی بە خۆڕێکخستن کرد. ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ٥٨ کرێکارانی بێکار بە ڕێبەرایەتی ڕێکخراوە تازە دامەزراوەکەیان بە ناوی “یەکێتی کرێکارانی بێکاری ئیسفەهان و دەوروبەر” خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد. سەرەڕای سەرکوتەکان لەلایەن پارێزەرانی نوێی سەرمایەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بێکاران لە ڕۆژانی دواتریشدا، بەردەوام بوو. لە درێژەی یەکێک لەو خۆپێشاندانانەدا، هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئیسلامی تەقەیان لە زیاتر لە دە هەزار خۆپیشاندەر کرد و بەهۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا یان بریندار بوون کە کرێکاری خەباتکار “ناسر تۆفیقیان” لە زومرەی ئەو کرێکارانە بوو کە لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەستدا. هەر لەو دەورەیەدا بزووتنەوەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لە دژی کۆماری ئیسلامی پێکهات و کوردستانی شۆڕشگێڕ نەچووە ژێر باری حکوومەتی ئیسلامییەوە، خۆڕاگرییەکی کە تا ئەمڕۆش بە شێوازی جۆراوجۆر هەروا بەردەوام بووە.

لە ساڵی ١٣٦٨دا شاهیدی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی خوزستان و جووتیارانی تورکمان سەحرا بووین کە نەیاندەهێشت زەویەکانیان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنانی پێشوو. بەڵام شەڕی کۆنەپەرستانەی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بە هانای خومەینی و ڕژیمی ئیسلامییەوە هات. ئەو شەڕەیان بە نیعمەتێک ناوبرد بۆ ئەوەی لەسایەیدا نەیارانی ناوخۆیی خۆیان سەرکوت بکەن و لەو ڕێگەیەوە پێداویستییەکانی شکستی یەکجاریی شۆڕش و جێگیر بوونی حکوومەتی ئیسلامییان فەراهەم کرد. ساڵەکانی دەیەی شەست، لەسەر بەستێنی شەڕ لەگەڵ عێراق، پڕۆسەی کوشتاری بەکۆمەڵی هەڵسووڕاوانی چەپ و شۆڕشگێڕ، بە شێوەیەکی زۆر بێبەزەییانە بەڕێوەچوو و هەزاران کەس لە زیندانەکاندا کۆمەڵکوژ کران. بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕدا، سەر لەنوێ خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی، دەستی پێکردەوە. جۆزەردانی ساڵی ١٣٧١ ئاخێزی دانیشتوانی پەراوێزی شاری مەشهەد لەگەڵ سەرکوتێکی خوێناوی بەرەوڕوو بووەوە. خەرمانانی ١٣٧٣، ڕاپەڕینی خەڵکی قەزوین، لە هەمان ساڵدا، ڕاپەڕینی خەڵکی ئیسلام شار لەدژی گرانی، مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٦، ناڕەزایەتی خوێندکاران شەقامەکانی تارانی گرتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، بەشەکانی ناوەڕاستی شاری تاران ببوو بە مەیدانی شەڕی نێوان ڕژیم و خەڵکی ناڕازی. ناڕەزایەتی ملیۆنی ساڵی ٨٨ ناسراو بە”بزووتنەوەی سەوز”، کە دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان لە دژی ساختەکاریی بەربڵاو لە هەڵبژاردنەکاندا، هاتە ئاراوە، ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٩٦ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گەندەڵی و گرانی نرخەکان، کە لە مەشهەدەوە دەستی پێکرد و زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە، ڕاپەڕینی مانگی گەڵاڕێزانی ٩٨ بە بیانووی گرانبوونی نرخی بەنزین و لە ڕاستیدا لەدژی تەواوەتی کۆماری ئیسلامی، کە زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێرانی لەخۆگرت و ١٥٠٠ کەس لەم ڕاپەڕینەدا گیانیان لەدەستدا.
هاوکات لەگەڵ ئەو ڕاپەڕینانە، خەباتی کرێکارانی بارهەڵگر و شۆفێری بارهەڵگرەکان، خانەنشین، ماڵ خوراوەکان، ژینگەپارێزان و خەبات لەدژی حیجابی ئیجباریش بەردەوام بووە. به پێی ئه‌و هەواڵانەی که لە کەناڵە حیزبی و ڕێکخراوەگەلی شۆڕشگێری چەپ و کۆمۆنیست بڵاو بوونەتەوە، بۆ نموونە تەنیا لە ساڵی ١٤٠٢دا شاهیدی پتر لە ٢٢٠٠ مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاریی بووین.

ئێستاش لە سەر بەستێنی درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدن، کە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١ دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەروا بەردەوامە، ڕێوڕەسمە شایستە و شکۆدارەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، وەک دڕکێک لە چاوی کۆماری ئیسلامیدا، یەکێک لە مەیدانەکانی درێژەی ئەم خەبات و خۆڕاگرییە بوو. گومانی تێدا نییە کە ئەم خەباتانە سەرەنجام دەبێتە هۆی ڕووخانی ئەو ڕژیمەی کە جگە لە گەندەڵی، دزی، گرانی، بێکاری، پەرەسەندنی هەژاری، بێ ماڵ و حاڵی، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام و کوشتار و نایەکسانی، بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هەروەها خۆشگوزەرانی، ئاسوودەیی، ژیانی لۆکس و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانی بۆ خاوەنەکانی سەرمایە بە دیاری نەهێناوە. لە ڕۆژی دامەزرانی دەسەڵاتی شووم و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیدا، جێگەی کە یادی ئەو ئینسانە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ و ژن و پیاوە پێشەنگانە بەرز ڕابگرین کە لەپێناو پێشگرتن لە بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم ئەهریمەنە دژە مرۆڤە و بەدیهێنانی ئارمان و ئامانجە واقیعییەکانی شۆڕشی ئێران، لە مەیدانەکانی نەبەرد یان لە زیندانەکاندا گیانیان بەخت کرد. ئەمڕۆ یاد و بیرەوەرییە ئیلهامبەخشەکانی ئەوان پتر لە هەمیشە، لە خەباتی لێبڕاوانە، بەرنامە بۆ داڕێژراو، ڕێکخراو و بەردەوام لەدژی ڕژیمی ئیسلامی و نیزامی سەرمایەداریی، یارمەتیدەرمان دەبێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەردەمی ئاوابوونی ئەستێرەی ئەردۆغان و حزبی ئیسلامی (ئاکەپە)، دەست پێدەکات

س آوریل 2 , 2024
ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوە، هەڵبژاردنی ناوچەیی لە تورکیا بەڕێوەچوو؛ هەڵبژاردنێکی کە تیایدا سەرۆک شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی ناوچەکان هەڵبژێردران. هەڵبژاردنی شارەوانی شارە گەورەکانی تورکیا و هەروەها شارەکانی کوردستان، بەزۆر هۆکار گرنگییەکی سیاسی و ڕەمزیی ئەولاتر لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیەکانی پەیدا کردووە. سەرکەوتنەکانی نەیارانی پارتی کۆماری گەل و هەروەها پارتی یەکسانی و […]

You May Like