کاریگەرییە وێرانکەرەکانی هەژاری لەسەر منداڵان

ڕۆژنامەی “هەممەیهەن” ڕۆژی شەممە ٢٧ی گوڵان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “٣٨٪‌ی منداڵانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان”. لە سەرەتاکانی ڕاپۆرتەکەدا لە زمانی کارناسێکەوە هاتووە، بەهۆی پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەوە، هەژاری لەناو بنەماڵە هەژارەکاندا لە زیادبووندایە. هەژاری لەڕادەبەدەر، بەر لە هەرکەسێک ژیانی منداڵان وێران دەکات. مردنی منداڵان لە تەمەنی کەمدا، کەمئەندامی، بەدخۆراکی، کێشە دەروونییەکان، تێکچوونی کارکردی مێشک، تووشبوون بە توندوتیژی و فرۆشتنی منداڵ و کۆرپەڵە، هەموویان لە زومرەی دەرەنجام و لێکەوتەکانی ئەم بابەتەن کە زیاتر لە پەراوێزی شار و ناوچە هەژارنشینەکان ڕوودەدەن. منداڵان لە بنەماڵە کۆچبەرەکاندا لەگەڵ هەژارییەکی لەڕادەبەدەر بەرەوڕوو دەبنەوە. بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک، بە گشتی نزیکەی ٢٣ ملیۆن کەس لە فەزایەکدا دەژین کە لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین تێیدا گرفتاربوون. یەکێک لە دیاردە باوەکان لەم ناوچانەدا، بریتییە لە کڕین و فرۆشتنی کچان، وەک کاڵا. یەکێک لە شێوازەکانى ئەم مرۆڤ فرۆشییە، بریتییە لە ناچارکردنی کچانی کەم تەمەن بە هاوسەرگیری.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی دەوڵەت، بوونی گەندەڵی بەرفراوان و ئابووری مافیایی و نایەکسانی لە ئێران کراوە. ڕاپۆرتەکە لە زمانی کارناسێکەوە دەڵێت «بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسای کار کرێکارانی کارگە بچووکەکانی کەمتر لە ١٠ کەس ناگرێتەوە، باوبوونی کاری ناتەواو و کۆمپانیاکانی هێزی مرۆیی و حەقدەستی زۆر و زەوەندی بەڕێوەبەران لە لایەک و پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی هەژاری لە لایەکی ترەوە، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بە شێوەیەکی گشتی نایەکسانی لە ئێران لەوانەیە گەیشتبێتە زیاتر لە ٩٠٪». بە وتەی ئەو کارناسە، ئەگەر سیاسەتی کۆمەڵایەتی یان شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی گونجاو نەبێت، کرێکاران ناتوانن بە کەمترین حەقدەست خانووی گونجاویان هەبێت  لەمڕووەوە دەوڵەت بەرپرسیارە بە بەکارهێنانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنەوەی داهاتەکانی سەرچاوەگرتوو لە باج، کەلێنی چینایەتی کەم بکاتەوە. ئەو لە درێژەدا دەڵێت کە «ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەم ڕوانگەیە بگۆڕین، لە داهاتوودا ناتوانین نە بۆ منداڵان و نە بۆ چینی کرێکار هیچ کارێک بکەین. بە وتەی ئەم کارناسە، کرێکارانی نەوەی یەکەمی نیشتەجێبوونە نافەرمییەکان بیمەیان هەبوو، لە نەوەی دووەمدا، هەندێکیان بیمەیان هەبوو، بەڵام لە نەوەی سێیەمدا، بە شێوەیەکی گشتی هیچیان بیمەیان نییە.

هەژاری یەکێکە لە کێشە جیددییەکان کە کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ژیانی منداڵان لە سەرانسەری جیهان، لەوانە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دادەنێت. منداڵان وەک لاوازترین توێژی کۆمەڵگا، لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەژاری زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دادەنێت. منداڵانی هەژار لە ئێران ڕووبەڕووی بەدخۆراکی و کەمبوونی خۆراکی پێویست دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە تەندروستییەکان، کەمبوونی ئاسن، ڤیتامین دی و پڕۆتین لە نێو منداڵانی ناوچە بێبەشەکاندا زۆر بەرچاوە. ئەم کێشانە دەبنە هۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگری، کورتی باڵا و کەمبوونەوەی گەشەی مێشک. هەروەها، دەستڕانەگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی پاک و ئیمکاناتی تەندروستی پێویست، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان زیاد دەکات. ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی هەژاری لە ساڵەکانی سەرەتای منداڵیدا دەڵێت: «کاریگەریی هەژاری لەسەر تەندروستیی جەستەیی منداڵان لە بارودۆخێکدایە کە ٨٠٪ی مێشکی مرۆڤ لە سێ ساڵی یەکەمی ژیاندا پێک دێت. ئەم ڕاستییە زانستییە دەبێتە هۆی بێبەشبوونی زۆربەی منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان، کە بەگشتی سەر بە کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشن. لەوەش خراپتر هەژاری دەبێتە هۆی زیادبوونی مردن لە نێو ئەم جۆرە بنەماڵانەدا. 

بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ساڵانێکە کە بێهوودە هەوڵیان داوە بە شێوازی جۆراوجۆر ژنان ناچار بکەن منداڵی زۆرتر بخەنەوە تا حەشیمەتی وڵات بگاتە ١٥٠ ملیۆن کەس. بەڵام ئەوان بە کردەوە و بەهۆی هەژارترکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەم سیاسەتە هەنگاو دەنێن. کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی دواکەوتووی سەرمایەدارییە. سامانی بەرچاوی بەرهەمهاتوو لە چەوساندنەوەی هێزی کار، بەکارهێنانی کەرەستە ژێرزەوییەکان و باجی ئەم وڵاتە، یان دەدزرێت یان بە شێوازی جۆراوجۆر بە فیڕۆ دەدرێت. لەژێر دەسەڵاتی ئەم جۆرە حکومەتەدا، منداڵانی بنەماڵە کرێکارییەکان، لە بوونی کەشێکی گونجاو بۆ گەشەکردن، لە ئارامی و ئاسایش بێبەش دەبن و لە دەرفەتێکی زۆر کەم بۆ فێربوونی زانست، هونەر، کات بەسەربردن و گەشەپێدانی داهێنانەکانیان بەهرەمەند دەبن.

لە ڕژێمێکدا کە ٧٠٪‌ی هاووڵاتیانی بەرەو هەژارییەکی ڕەها و ڕێژەیی پاڵپێوەناوە، لە ڕژێمێکی کە لە ناوخۆیدا تووشی کەلێن و ناکۆکی قووڵ بووە و تەنها لە بەرامبەر خەڵکی ناڕازی و خەباتکاردا یەکگرتووە، ناتوانین هیوا بە باشتربوونی بارودۆخی منداڵان ببەستین. باشتربوونی دۆخی منداڵان تەنها بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتێکی کە لەلایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوچارەنووسەکانیانەوە بەڕێوە ببرێت، مومکین دەبێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ ئازادیی ڕەشید فەقیزادە بە پێدانی بارمتە

ی مه 18 , 2025
ڕەشید فەقیزادە، هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆ بە پێدانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازادکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤، ڕەشید فەقیزادە، هاووڵاتی خەڵکی شاری شنۆ بە پێدانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی تا تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە زیندانی ئەم شارە ئازادکرا. ڕەشید […]

You May Like