“محەمەد ڕەزا قەیتەرانی” لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەریەکانی ١٤٠١، بە بارمتە ١ ملیار تمەن بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندانی مهاباد ئازادکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز “محەمەد ڕەزا قەیتەرانی”، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣، بە بارمتەی ١ ملیار تمەن بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندانی مهاباد ئازاد کراوە. ناوبراو پاش دەستبەسەرکرانی، بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتوخانەی ئەمنی ورمێ گوازرایەوە و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی بۆ زیندانی مهاباد گواسترابوویەوە.
ئێوارەی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣، “محەمەد ڕەزا قەیتەرانی”، هاووڵاتی ٢٢ ساڵان تەمەن، خەڵکی شاری مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەرکرابوو.
“محەمەد ڕەزا قەیتەرانی”، پێشتریش لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، لە بەرواری ١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنیەکان لە گۆڕەپانی ئیستقلالی شاری مهاباد دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو پاش چەندین ڕۆژ دەستبەسەرکران لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مهاباد، بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتوخانەی ئەمنی ورمێ گوازرابویەوە و پاش کۆتایی لێکۆڵینەوەکەی دووبارە بۆ مهاباد گواسترابوویەوە. لە کۆتایدا پاش ٢ مانگ لە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە لە گرتوخانەی مهاباد ئازاد کرابوو.