«هێژا شیری»، منداڵ کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری سەلاس باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بەرەو کۆڵبەران تەقەیان کرد و لەئەنجامدا منداڵ کۆڵبەرێک بە سەختی لە (کەمەر)یدا برینداربووە. ناسنامەی ئەم منداڵ کۆڵبەرە «هێژا شیری»، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەلاس باوەجانی بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.