خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان،
کۆماری ئیسلامی ئێران کە نوقمی قەیرانی قووڵ و فرەلایەن بووە، جارێکی دیکە بە چڕکردنەوەی سەرکوت و دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، بەتایبەت بۆ “پەخشان عەزیزی” و “وریشە مورادی”، دوو ژنە زیندانی سیاسی کورد، هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەدات. دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە، هێمای ڕوونی توندوتیژی و بێدەسەڵاتی سیستماتیکی ڕژیمێکە کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی لەدەستداوە و لە ڕێگەی سەرکوتی خوێناوییەوە هەوڵ بۆ مانەوەی دەدات.
بەڵام ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە لە سەرانسەری وڵاتدا لەگەڵ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و بەرخۆدان بەرەوڕوو بووەتەوە. زیندانیانی سیاسی، سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، چالاکانی مەدەنی و خەڵکی ئازادیخواز، لە ڕێگەی لێدوان و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیانەوە نیشانیان داوە کە کۆمەڵگا چیتر توندوتیژی و سەرکوت قبوڵ ناکات. ئەم هاوپشتییە بەربڵاوە پەیامێکی ڕوونی بۆ حکومەت هەیە: چیتر سەرکوت وڵامدەر نییە.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان لە کوردستان، هەنگاوێکی بوێرانە و کاریگەرە بۆ بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان. ئەم هەنگاوە لاپەڕەیەکی زێڕینی ترە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا.
کۆڵبەرنیوز پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم بانگەوازە دەردەبڕێت و بانگهێشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کرێکاران، ژنان، گەنجان، کاسبکاران، بازرگانان، خوێندکاران، مامۆستایان، و داکۆکیکارانی ئازادی و یەکسانی دەکات، تاکوو بە بەشداریکردن لەم مانگرتنە گشتییەدا، ئیرادە و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن و نیشانی بدەن.
ئەم مانگرتنە، ڕەمزی هاودەنگی و هێزی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە لە بەرامبەر ستەم و نادادپەروەریدا.
سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان
نەمان بۆ سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان
کۆڵبەرنیوز