«سەعدی خادەمی»، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری سەقز، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگرەوە لە سنووری سریستان سەربە شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی هەینی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێکەوە لە گوندی سریستان سەربە شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان، کۆڵبەرێکی گەنج گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بە ناوی «سەعدی خادەمی»، تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی لەتیف، خەڵکی گوندی «حاجی عەبدول» سەربە شاری سەقز بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.