سنە؛ بەردەوامی دەستبەسەرکران و بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەفشین حسێن پەناهی لە زیندان

«ئەفشین حسێن پەناهی»، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و لە زیندانی شاری سنە بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەفشین حسێن پەناهی، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە و لە زیندانی شاری سنە بەسەر دەبات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بۆ ئازادی ئەفشین حسێن پەناهی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی دیاریکرابوو کە پاش دابینکردنی ئەم بڕە بارمتەیە لەلایەن بنەماڵەی حسێن پەناهی، بەرپرسان دژایەتی ئازادی ئەم هاوڵاتییەیان کرد. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.

ئەفشین حسێن پەناهی، لە ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە. لە کۆتاییەکانی ڕێبەنداندا ناوبراو بە کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئەمنی لە شاری سنە بۆ زیندانی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

ئەفشین حسێن پەناهی، برای ڕامین حسێن پەناهی، زیندانی سیاسی لەسێدارەدراو، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە پێشینەی سزادان و لێپرسینەوەی دادوەری هەبووە.

شایانی باسە، لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧، “ڕامین حسێن پەناهی” لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی “زانیار مورادی و لوقمان مورادی” لەسێدارەدران. ئەم لەسێدارەدانە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە جێبەجێکردنی سزاکە بە پارێزەرەکانیان ڕانەگەیەندرابوو و هیچ یەکێکیان دەرفەتی ئامادەبوونیان لە کاتی جێبەجێکردنی سزاکەدا نەبوو. بە پێچەوانەی یاسا تەرمی لەسێدارەدراوان بۆ بنەماڵەکانیان نەدرایەوە. ڕاپۆرتەکان ئەوەیان دەردەخست کە لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپێردراون. هەروەها بنەماڵەکانی ئەم کەسانە بۆ دوورکەوتنەوە لە ناڕەزایەتی و هەواڵگەیاندن هەڕەشەیان لێکراوە. ئەم لەسێدارەدانانە چەندین کاردانەوەی دیکەی لە نێوان ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەرەکانیاندا لێکەوتەوە.

کۆڵبەرنیوز

You May Like