تورکیا لە بەردەم قەیراندا: چارەنووسی ئەردۆغان و داهاتووی ناڕوونی سیستەمی سیاسی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە

قەیرانە سیاسییەکانی ناو دەسەڵاتی تورکیا کە بۆ ماوەی دوو دەیە لەلایەن حیزبی داد و گەشەپێدانەوە واتە (ئاک پارتی)، حیزبێکی کە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ڕێبەری دەکرێت، تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ کرابوون، ئێستا لە سەر بەستێنی قەیرانێکی ئابووریدا کە بەرۆکی بە سەرمایەداری تورکیا گرتووە، سەرلەنوێ سەریان هەڵداوەتەوە. تورکیای ئەمڕۆ لە گێژاوی قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا نوقم بووە. دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، شارەوانی ئیستانبووڵ و ڕکابەری سەرەکی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، چەخماخەی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێداوە کە بە گەورەترین ئاڵەنگاری دادەنرێت بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان لە یەک دەیەی ڕابردوودا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئابووری تورکیا بە دابەزینی بێوێنەی لیرە و هەڵاوسانی بەردەوام، کۆمەڵگای تورکیای لە ڕووی ئابوورییەوە خستووەتە یەکێک لە دژوارترین قۆناغەکانی چەند دەیەی ڕابردوو. ئاشتی لەگەڵ کوردەکان کە بڕیار بوو بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەست پێبکات، بە کردەوە گەیشتووەتە بنبەست و شکستی هێناوە.

دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، شارەوانی ئیستانبووڵ و ئەندامی دیاری پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)، نیشانەی بەرزترین ئاستی گرژییە سیاسییەکانی تورکیایە. دادگایەک لە ئیستانبووڵ ناوبراوی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، تا کاتی دادگایی کردن دەستبەسەر کرد، هەنگاوێکی کە لەلایەن نەیارەکانییەوە بە بابەتێکی “سیاسی” و نیشانەی “سەرکوتی سیستماتیکی” دژبەرەکان لە قەڵەم دەدرێت. ئیمام ئۆغڵو، کە لە ڕاپرسییەکاندا لە ئەردۆغان لە پێشترەوەیە، ئەم تۆمەتانەی بە “بوختان” ناوبردووە و لەسەر بێبنەمابوونیان جەختی کردۆتەوە.

ئەم دەستگیرکردنە نەک هەر کاردانەوەی توندی پارتە دژبەرەکانی لێکەوتەوە، بەڵکوو بۆتەهۆی سەرکۆنەکردنی ڕێبەرانی ئەوروپاش. مەنسوور یاواش، شارەوانی ئانکارا و هاوحیزبیی ئیمام ئۆغڵو، ئەم کردەوەیەی بە “شەرمەزاری بۆ سیستەمی دادوەری” ناوبردووە. لەلایەکی ترەوە، دەوڵەت بە ڕەتکردنەوەی هەر چەشنە هۆکار و پاڵنەرێکی سیاسی، پێداگری لەسەر سەربەخۆیی دادگاکان کردۆتەوە و هۆشداری داوە کە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام “بە توندی سەرکوت دەکرێن”.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەزاران کەس لە ئیستانبووڵ، ئانکارا و ئیزمیر، ڕژانە سەر شەقامەکان و وێڕای بەرزکردنەوەی دروشمی دژ بە دەوڵەت، خوازیاری ئازادکردنی ئیمام ئۆغڵو بوون. پۆلیس دەستی کردووە بە سەرکوتکردنی ناڕازییان و تا ئێستا زیاتر لە ٣٢٠ کەسی دەستبەسەر کردووە. ئەم ناڕەزایەتییانە، کە بە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایەتی دادەنرێت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی لە ساڵی ٢٠١٣ەوە، نیشانەی ناڕەزایەتییەکی قووڵە دژ بە سیاسەتەکانی ئەردۆغان و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی ناوبراودا.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی، بەهای لیرەی تورکیا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی و هەڵاوسانی ساڵانە بۆ زیاتر لە ٦٠ لەسەد بەرز بووەتەوە. سیاسەتە نائاساییەکانی ئەردۆغان لە کەمکردنەوەی نرخی سوود، سەرەڕای هەڵاوسانێکی بەرز، متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی لەناو بردووە و قەیرانی دراوی پەرە پێداوە. ئەم بارودۆخە، ژیانی ملیۆنان کەسی لە تورکیا بە توندی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. گرانبوونی نرخی خواردەمەنی، وزە و شوێنی نیشتەجێبوون، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر چینی کرێکار و توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا.

یەکێکی تر لە ئاستەنگەکانی بەردەم دەوڵەتی ئەردۆغان، بریتییە لە شکستیهێنانی بەکردەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان. ئەگەرچی ئەم پڕۆسەیە هەرگیز بە فەرمی دەستی پێنەکرد، بەڵام پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سوریا و عێراق و دەستگیرکردنی چالاکوانانی کورد لە ناوخۆی تورکیا، نیشان دەدات کە ئەردۆغان وای پێ باشترە، لەبری گفتوگۆکردن، درێژە بدات بە سەرکوتکردن.

ئەردۆغان کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە وەک سەرۆک وەزیران و دواتریش سەرۆک کۆمار، تورکیای ڕێبەری کردووە، ئێستا لە لاوازترین پێگەی سیاسی خۆیدایە. هۆکاری سەرەکی لاوازبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووری، سەرکوتی دژبەران و شکستهێنانی لە چارەسەرکردنی کێشەی خەڵکی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هێشتا کۆنترۆڵی دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک دەسەڵاتی دادوەری، پۆلیس و میدیاکانی لە دەستدایە.

لە ڕووی یاساییەوە، ئەردۆغان تا ساڵی ٢٠٢٨ ناتوانێت دووبارە خۆی بۆ سەرۆک کۆماری کاندید بکاتەوە، مەگەر ئەوەی کە پارلەمان هەڵبژاردنێکی پێشوەختە پەسەند بکات. بەڵام تەنانەت لە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەشدا، شانسی سەرکەوتنی ناوبراو بەهۆی ناڕەزایەتییە گشتییەکانەوە ناڕوونە. ئیمام ئۆغڵو، لە ئەگەری ئازادبوونی و ناونووسکردنی خۆی وەک کاندیدی هەڵبژاردن، دەتوانێت ڕکابەرێکی جیددی بێت بۆ ئەردۆغان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەردۆغان ڕێگای تریشی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لەوانە: گۆڕینی دەستوور بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سنوورداریەتی ماوەی خولەکانی سەرۆک کۆماری، یان زیادکردنی گوشار لەسەر دژبەران لە ڕێگەی ئامرازەکانی دادوەری و ئەمنییەوە لەبەردەستدایە. بەڵام هەر یەک لەم هەڵبژاردانە، لە هەمان کاتدا لێکەوتەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم ڕووداوانە کۆمەڵگای تورکیایان خستووەتە یەکێک لە قۆناغە مێژووییە چارەنووسسازەکانی خۆیەوە. لە لایەکەوە، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان و یەکگرتوویی بێوێنەی نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، نیشان دەدات کە کۆمەڵگای تورکیا خوازیاری ئاڵوگۆڕە. لەلایەکی تریشەوە، ئەردۆغان سەلماندوویەتی کە لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا، ئامادەیە پەنا بباتە بەر هەر کردەوەیەک.

ئەگەر ئەردۆغان بتوانێت ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات، ئابووری وڵاتەکەی بە یارمەتی دەرەکی جێگیر بکات و دژبەرانی دابمرکێنێتەوە، لەوانەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بەڵام ئەم سیناریۆیە، تەنانەت ئەو دێموکراسیە بۆرژوازییە نیوە و ناتەواوەی تورکیاش لەناودەبات و ئەردۆغان دەخاتە سەر ڕێچکەی بنیاتنانی دیکتاتۆرییەتێکی ڕەها و و بەردەوامی دەسەڵاتەکەی، تەنها پشت ئەستوور دەبێت بە هێزی سەرکوت.

تورکیای ئەمڕۆ لەگەڵ پرسیارگەلێکی بنەڕەتی سەبارەت بە شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بەرەوڕوو بووەتەوە. ئەوەی کە ئایا ئەم وڵاتە هەروا لەسەر پەیڕەوکردنی مۆدێلی ئیسلامی-نەتەوەیی ئەردۆغان بەردەوام دەبێت، یان دەگەڕێتەوە بەرەو سیستەمی سیکۆلاری ئاتاتورکی؟ ئایا ئەم خاڵە مێژووییە، دەرفەتێک دەبێت بۆ بەهێزبوونی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاری وشیار و کۆتایی هێنان بە سەردەمی دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری لە تورکیا، یان هێشتا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هاتنەئارای شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەم وڵاتە نەڕەخساوە؟، نەک هەر پەیوەستە بە داهاتووی تورکیاوە، بەڵکوو هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی دەریای ناوەڕاستیش، دیاری دەکات.

بەڵام هەتا ئێرە، ئەوەی کە دڵنیاییە دەتوانین ئاماژەی پێبکەین ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگای تورکیا، لە بواری ئازادییە دێموکراتیکەکاندا کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەست هێناوە کە ڕێگە بە ئەردۆغان نادات بە ئاسانی لەناویان ببات. کۆمەڵگای تورکیا، بە تایبەتی چینی کرێکار و توێژی لاو، چیتر ئامادە نین ئەم ئاستە لە سەرکوت و ڕیازەتی ئابووری تەحەمول بکەن. لەمڕووەوە دوور نییە کە دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵو، لە نێوان سیناریۆ جیاوازەکاندا، لانیکەم سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ٢٢ ساڵەی ئەردۆغان.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ دەستبەسەرکرانی هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

د مارس 24 , 2025
ئەسعەد باباکەرەمی، هاوڵاتی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، ئەسعەد باباکەرەمی، هاوڵاتی شاری سنە دەستبەسەرکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەرکرانی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی گاوەرە سەربە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بڕیاری دادوەر […]

You May Like