ئەرسەلان دیوارگەر، هاوڵاتی شاری دیواندەرە و دانیشتووی سنە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ٣٦ مانگ بەندی تەعزیری سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەرسەلان دیوارگەر، هاوڵاتی ٤٨ ساڵانی خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشووی شاری سنە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی سیخوڕی، بە ٣٦ مانگ بەندی تەعزیری سزا درا کە ئەم سزایە بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵپەسێردراوە.
ئەرسەلان دیوارگەر، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە پێوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشتی ئەم ئیدارەیە کرا و پاش لێپرسینەوە لەگەڵیدا، کاتژمێر ٧ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک دەستگیر کرا. دواجار ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی نێوەندی سنە ئازاد کرا.
ئەرسەلان دیوارگەر، تەمەن ٤٨ ساڵ خەڵکی دیواندەرە و لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ کە لەو ساڵەدا پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، بە بارمتەی یەک ملیارد تمەن تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی نێوەندی سنە ئازاد بوو. ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١ ئەرسەلان دیوارگەر پاش بانگهێشتکردانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە دەستگیر کرا و پاش کۆتایی قۆناغی یەکەمی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواسترا بوویەوە. لە ڕابردووشدا، ئەرسەلان دیوارگەر، لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەزی ١٤٠١ دەستبەسەر کرابوو و پاش ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە لە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١دا ئازاد کرا.