سووسەن ڕازانی، لە چالاکانی ناسراو و دێرینی بزووتنەوەی ژنانی شاری سنە و لە ئەندامانی کۆمەڵەی شاخەوانی چل چەمە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٣، سووسەن ڕازانی، لە چالاکانی ناسراو و بەئەزموونی بزووتنەوەی ژنان و لە ئەندامانی کۆمەڵەی شاخەوانی چل چەمەی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئیتلاعاتەوە بانگهێشتکرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم چالاکەی مافی ژنان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشە ئازادکراوە. ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ سووسەن ڕازانی، لە کاتی دەستبەسەرکردنە فراوانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سنەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠١ ئەم چالاکەی مافی ژنان پاش تێپەڕینی ١٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بە دانانی بارمتەی کاتی تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی سنە ئازادکرابوو.
سووسەن ڕازانی، پێشتر لە ١١ی گوڵابی ١٣٨٧ لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاردا لەگەڵ شیوا خێراوایی، عەبدوڵڵا خانی و سەید غالب حسێنی، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکرابو. دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزادانی سنەوە سووسەن ڕازانی، بە ٩ مانگ بەندی دواخراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ و ٧٠ لێدانی شەلاقی تەعزیری سزادرا. شیوا خێراوایی بە ٤ مانگ بەندی دواخراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ و ٤٠ لێدانی شەلاقی تەعزیری سزادرا.
هەروەها ٢ چالاکی کرێکاری پیاوی ئەم بەڵگەیە بە ناوانی عەبدوڵڵا خانی و سەید غالب حسێنی، بە ٩١ ڕۆژ بەندی تەعزیری و ٤٠ لێدانی شەلاق و ٦ مانگ بەندی تەعزیری و ٤٠ لێدانی شەلاق سزادران. سزای شەلاق و بەندکردنی ئەم ٤ چالاکەی کرێکاری لە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٨٧ جێبەجێکرا. سووسەن ڕازانی، لە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە لەگەڵ خالید حسێنی، غالب حسێنی، عەباس ئەندریاری، کوروش بەخشندە و مەجید حەمیدی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشتکران و بە هەڕەشە لێپرسینەوەیان لێکراوە.