سنە؛ گیان لەدەستدانی خەبات ئەمینی، چالاکوانێکی دیکەی ژینگەپارێز لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی چیای ئاویەر

«خەبات ئەمینی»، سێیەمین چالاکوانی ژینگەپارێزی، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی چیای ئاویەر گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ دووشەممە شەشی گەلاوێژی ١٤٠٤، خەبات ئەمینی، چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێکی بەرفراوان لە چیای ئاویەر تووشی سووتانێکی سەخت ببوو، دوای مانەوەی چوار ڕۆژ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خەبات ئەمینی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک هێزی خۆبەخشی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز، بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕەوانەی ناوچەکە کرابوو. کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تووشی سووتانێکی سەخت بوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە. سەرەڕای هەوڵی ستافی پزیشکی، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

پێشتریش لەم ئاگرکەوتنەوەیەدا «حەمید مورادی و چیاکۆ یوسف نەژاد» گیانیان لەدەستدابوو. جگە لەوەش چەندین چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی دیکە بە ناوەکانی موحسین حسێن پەناهی و سەید مستەفا هەژیر، بەهەمان شێوە تووشی سووتان و برینداربوونی سەخت بوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکانی ناوچە سروشتییەکانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە قەیرانێکی ژینگەیی، بەڵام نەبوونی ئاسانکاری و گرنگی نەدانی ناوەندەکانی بەرپرسیار، چالاکوانانی ژینگەپارێزی ناچار کردووە کە بە کەمترین کەرەستەوە ئەم قەیرانە کۆنترۆڵ بکەن؛ دۆخێک کە تێیدا تا ئێستا دەیان چالاکی ژینگەپارێزی گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەی بریندار کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

د جولای 28 , 2025
هێمن دانش کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان گیانی لەدەستدا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی یەکشەممە پێنجی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “هەنجیران”ی سەربە شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی گەنج گیانی […]

بابەتی پەیوەندیدار