هێمن دانش کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی یەکشەممە پێنجی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری “هەنجیران”ی سەربە شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی گەنج گیانی لەدەستدا. ناسنامەی کۆڵبەرە کوژراوەکە “هێمن دانش” و خەڵکی شاری مەریوان بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە گەنجە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان گواستراوەتەوە.
هێمن دانش خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.