ئیلنا یەکێک لە ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕاپۆرتێکی ناخهەژێنی سەبارەت بە دۆخی کەمئەندامان لە ئێران بڵاوکردووەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە دەرخەری ئەوپەڕی هەڵاواردن، نادادپەروەری و وەحشیگەرییە بەرامبەر بە کەمئەندامانی ئێران. کۆلیوەند نوێنەری خانەنشینانی کەمئەندام و چالاکی پیشەیی مافەکانی کەمئەندامان، لە وەڵامی پەیامنێری ئیلنادا دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن کەمئەنداممان هەیە کە لەلای ڕێکخراوی بێهزیستی وڵات تۆمارکراون. لەو ژمارەیە بەشێکی بەرچاویان خانەنشین یان لە تەمەنی بەساڵاچووندان. بۆ نموونە “مافی پەرستاری” بۆ گیانبازانی شەڕ، کە هەڵبەت مافی خۆیانە، دەرماڵەی مانگانەی ٢٢ ملیۆن تمەن، بەڵام ئەم دەرماڵەیە بۆ کەمئەندامانی زۆر سەختی تۆمارکراو لە بێهزیستی، کە لە زومرەی گیانبازانی شەڕ نین، تەنیا دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن لەخۆدەگرێت، کە بە کردەوە لەسەدا دەی ئەو یارمەتییەیە و هیچ جێگایەک ناگرێت. ئێمە دەڵێین کە زۆرێک لە کەمئەندامەکانی ئێمە گیانبازی شەڕ نین، بەڵام ئەوانیش مافێکیان لەم کۆمەڵگایەدا هەیە. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە کێشە و گرفتە پزیشکییەکانی خانەنشینان لەم بوارەدا، وتی: تێچووی کەمئەندامی، دوو سێ ئەوەندەی خەڵکی ئاساییە. تێچووی پزیشکی و دەوا و دەرمانی ئێمە ئێجگار لەسەرەوەیە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “هەندێک لە هاوڕێ کەمئەندامەکانمان، لەم ساڵانەی ڕابردوودا لەلای دیوانی دادپەروەریی ئیداریی توانییان دەنگ بەدەست بهێنن”. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە بێهزیستی، خەریکی تۆمارکردنی ناڕەزایەتییە لەدژی ئەو دەنگە، بۆ ئەوەی تەنانەت ئەو بڕە یارمەتییە بێ بایەخ و جێگەی شەرمەزارییەش نەدات! ئەمە ئیتر زۆر سەیر و سەمەرەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتا لەلایەن کەمئەندامانەوە هیچ بڕەیارمەتییەک به بەدەستهێنانی ئەم دەنگە، وەرنەگیراوە. جگە لەو گرفتانەی کە کۆلیوەند ئاماژەیان پێدەکات، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکەش هەن کە ژیانی کەمئەندامانی ئێرانی زۆر دژوار کردووە. کێشەی گواستنەوە و هاتوچۆی ناو شار و دەرەوەی شار بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی تایبەت بۆ کەمئەندامان لەسەر ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتیەکان، کێشەی کارکردن، بەهۆی نەبوونی یاسا بۆ پاراستنیان، هەڵسووکەوتی نەشیاو لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەهۆی نەبوونی وشیاریی پێویست، لەبەرچاونەگرتنی بەهرە و تواناکانی کەمئەندامان، بۆ ئەوەی بە بەکارهێنانیان بتوانن ژیانێکی لەنوێ دەستپێبکەنەوە و هەست بە ناتەواویی نەکەن و نەبنە بارگرانی بۆ ئەم و ئەو، کێشەی ئابووریی سەرچاوەگرتوو لە نەبوونی کاری گونجاو و هەندێکجاریش تێچووی قورسی تایبەت بە بارودۆخی ژیان، کێشە و گرفتەکانی خوێندن، لەوانە نەبوونی ئیمکاناتی پێویست لە قوتابخانە و زانکۆکان و هەروەها کێشەی هاوسەرگیری و هتد. چۆنیەتی هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ کەمئەندامان، پێوەری هەڵسەنگاندنی سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی جیهانە. لە ئاڵمانی سەردەمی هیتلەر و لە ڕژێمە فاشیستەکاندا، ئەم بەشە لە کۆمەڵگا کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوون، لەگەڵ ئینکاری و سەرکوت و تەنانەت مەرگیش بەرەوڕوو دەبوونەوە. لەو ڕووەوە کە ئایین هۆکارگەلێکی لۆژیکی و زانستی نییە بۆ ئەم بەشە لە خەڵک، ئەو جۆرە کەمبوون و بێ تواناییە لە بواری جەستەیی و دەروونی مرۆڤەکاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ ویست و ئیرادەی خودا و تەنانەت لە شرۆڤە و لێکدانەوەکاندا، بە جۆرێک لە پاداشتی کرداری نەکردەی ئەو مرۆڤانەی ناو دەبەن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا ئاماری ڕاستەقینە لە ژمارەی کەمئەندامان هەرگیز بڵاو نەکراوەتەوە. ئامارە فەرمییەکان تەنیا ئەو ژمارەیە لە کەمئەندامان دەگرێتەوە کە لەژێر چاودێری ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدان، کە نزیکەی یەک لەسەر دەی ئامارە ڕاستەقینەکانە. ئاماری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخەن کە نزیکەی ١٢%ی دانیشتووانی ئێران کەمئەندامن و ساڵانە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس بە ژمارەی کەمئەندامانەوە زیاد دەبێت. حکوومەت و کۆمەڵگا و بنەماڵە سێ پایە و بناغەی سەرەکین لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەو بەشەی خەڵک کە خاوەن پێداویستی تایبەتن. حکوومەت بەرپرسیاری سەرەکییە لە دابینکردنی پێداویستی تایبەت بۆ ئەو ئەندامانەی کۆمەڵگا کە پێویستییان بە چاودێری زیاتر و تایبەتی تر هەیە و هەروەها دابینکردنی کار، پەروەردە، دەرمان، بیمەی هاتوچۆی تەواو و شوێنی نیشتەجێبوونی کەمئەندامان دەبێت لە ئەولەوییەتدا بێت. کۆمەڵگایەک کە تێیدا مافی مرۆڤ بە فەرمی دەناسرێ و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ تیایدا دەستەبەر دەکرێت، لەگەڵ کەمئەندامان، وەک باقی هاوڵاتیان هەڵسووکەوت دەکات و کاردانەوەی جددی و گونجاوی دەبێت بەرامبەر بە هەرچەشنە هەڵاواردن و سووکایەتی پێکردنێک.
بنەماڵەش یەکێکە لە گرینگترین چاوگەکانی بە فەرمی ناسینی کەمئەندامان یان ژێرپێنان و ئینکاری پێویستبوونی ئەو جۆرە پێداویستییە تایبەتانە. کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە تیایدا کەمئەندامان تەنانەت لەو لانیکەمانەی کۆمەڵگەی ئێرانیش بێبەشن. هەژاریی و بێکاریی، نەبوونی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بۆ کەمئەندامان، ٤٥ ساڵ داگیرکاری نیزامی و تەقینەوەی مین و تەقەکردن لە کۆڵبەران و هتد، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی تووشی گرفتی دەروونی و جەستەیی کردووە. ڕێژیمی ئیسلامی نە لە کوردستان و نە لە سەرتاسەری ئێران ئامادە نییە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە کەمئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە قبوڵ بکات. بە لێبڕین و کەمکردنەوەی بەشێکی بچووک لەو تێچووە زۆر و زەوەندانەی کە لەپێناو میلیتاریزم، سەرکوتی جەماوەر، تێرۆریزم و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانەی لە دەرەوەی سنوورەکان، دەتوانرێت ژیانێکی ئینسانی بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، بابەتێک کە دابینکردنی، دەبێ یەکێک بێت لە ئەولەوییەتەکانی ئەو دەسەڵاتەی کە لە ئاکامی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا دێتە ئاراوە.