شەیس ئەمانی، کرێکاری خانەنشینکراوی بەرهەمهێنانی قوماش لە کوردستان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، شەیس ئەمانی، کرێکاری خانەنشینکراوی بەرهەمهێنانی قوماش لە کوردستان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لە شاری سنە، دوای بانگهێشتکرانی لە ڕێگەی تەلەفونەوە لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتەوە بەپێی فەرمانی دادگا، لەم ناوەندە ئەمنییە ئامادە بوو و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر سەبارەت بە بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە دایکانی دادخواز لە ٢٥ی سەرماوەزدا، پێشینەی دەستبەسەرکران و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کرێکاران و خانەنشیناندا، لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم لێپرسینەوەیەدا هۆشداری دراوەتە شەیس ئەمانی لە بابەت بە بەشداریکردنی لە گردبوونەوەی کرێکاری و خانەنشیناندا بە بیانووی کاری نایاساییەوە. بەڵام ئەم چالاکە لەسەر مافی کرێکاران و خانەنشینان بۆ بەڕێوەبردنی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، پێداگری کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەشداری لە گردبوونەوە پیشەییەکاندا مافی یاسایی هەر کرێکارێکە.
شەیس ئەمانی، لە ڕابردووشدا بەهۆی چالاکییە کرێکاری و پیشەییەکانیەوە دەستگیرکراوە و سزادراوە.