سلێمان قادرگڵوان، لە ئەندامانی بنەماڵەکانی شۆڕش و برای یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سلێمان قادرگڵوان، لە ئەندامانی بنەماڵەکانی شۆڕش و برای عەبدولسەلام قادرگڵوان، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەرکرانی سلێمان قادرگڵوان، پاش بانگهێشتی ناوبراو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە ئەنجامدراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەری و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک بەردەست نییە.
لە چواری ڕەزبەری ١٤٠١، عەبدولسەلام قادرگڵوان، هاوڵاتی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری شنۆ بەهۆی برینە سەختەکانیەوە بە تەقەی گوللە لە نەخۆشخانەی «خومەینی» لە شاری ورمێ گیانی لەدەستدا. ناوبراو لە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ کرابووە ئامانج.