ڕۆژنامەی شەرق ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنی خوێندکار-مامۆستا و خوازیارانی دامەزراندن لە بواری پەروەردەدا بڵاوکردووەتەوە کە کۆمەڵێک ڕاستی ئاشکرا دەکات. بەشێک لە خوێندکاران و خوازیارانی تاقیکردنەوەی دامەزراندن، باسیان لەوە کردووە کە ئەوان بە کۆمەڵێک هۆکاری ناپیشەیی وەک خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی، چۆنییەتی پۆشینی جلوبەرگ، هەبوونی سمێڵ، نینۆک ڕەنگکردن، پەیوەندی لەگەڵ هاوپۆلی کچ یا کوڕ، نەپۆشینی چارشێو لە ڕۆژی تاقیکردنەوەکان، دیاربوونی قژیان، لایککردنی پەیجە ئینستاگرامییەکان و بەشدارینەکردن لە ڕێپێوانە دەوڵەتییەکاندا، لە خوێندن یان وەرگیرانیان وەک مامۆستا بێبەش کراون. لە ڕاپۆرتەکەدا چەند نموونەی دیاریکراو خراوەتەڕوو. یەکێک لە خوازیارانی دامەزراندن ئاماژە بە کۆدی ١٩ی وەرگرتن دەکات و دەڵێت: “کۆدی ١٩ تایبەتە بە پرسە سیاسییەکان، چۆنییەتی پۆشینی جلوبەرگ، حیجاب، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان و لایککردنی پەیجە ئینستاگرامییەکان”. زۆرێک لەو کەسانە دەڵێن کە بەهۆی کۆدی ١٩ەوە ڕەتکراونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا بەمجۆرە باس لە یەکێک لەو کەسانە دەکات کە ڕەتکراوەتەوە: یەکێک لە خوێندکارەکان شێوازی جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەبوو و کەسێکی زۆر دینداریش بوو. لە کاتی وەرگرتندا پێی دەڵێن تۆ مارکسیستی. خوێندکارەکە داوایان لێدەکات هۆکارەکەی بۆ ڕوون بکەنەوە. لە وەڵامدا پێی دەڵێن بەهۆی ئەو جۆرە سمێڵەی کە داتناوە، پێمانوایە تۆ سیمایەکی مارکسیستیت هەیە. یەکێک لە کچەکان بەو هۆیەوە ڕەتکرایەوە کە جارێکیان لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی زانکۆ لە کەمپی کچانەوە چوبوو بۆ کەمپی کوڕان. جگە لە هەموو ئەمانە، شتێکی زۆر سەیر لەم بابەتەوە بریتییە لە پرسی کتێب خوێندنەوەی یەکێک لە خوێندکارەکان. بەشی وەرگرتن یەکێک لە خوێندکارەکانی خەڵکی ئیسفەهان بانگ دەکات و پێی دەڵێن، پێیانڕاگەیاندووین کە تۆ کتێبی فەلسەفی دەخوێنێتەوە. خوێندکارەکەش لە وەڵامدا دەڵێ، ئەم کتێبانە لەناوخۆی وڵاتدا چاپ دەکرێن و مۆڵەتی وەزارەتی ئیرشادیان لەسەرە. ئەوان دەڵێن زۆر خوێندنەوە وا لە مرۆڤ دەکات کە جۆرێکی دیکە بیربکاتەوە، بە باوەڕی ئێمە ئەو کەسانەی کە زۆر کتێب دەخوێننەوە کێشەی دەروونییان هەیە. سەرەنجام خوێندکارەکە دەردەکەن و لە پەروەندەکەیدا دەنووسن کە کێشەی دەروونی هەیە. ئەم شێوە هەڵسووکەوتە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو پڕۆسەی دامەزراندن خێراتر بکرێت، چونکە بەشەکانی پەروەردە لەگەڵ کەمیی لانیکەم ١٧٦ هەزار مامۆستا بەرەوڕوو بوونەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن وانە بە زیاتر لە ١٦ ملیۆن و نیو قوتابی بڵێنەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئیسنا کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بڵاوکرابووەوە، تا مانگی ڕەزبەر ٧٢ هەزار مامۆستا خانەنشین دەبن. جگە لەوەش پێویستە ئاماژە بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر، بەڵام نادیار لەو مامۆستا لێهاتوو، پێشڕەو و بوێرانەش بکەین کە بەهۆی بەشداریکردن و پشتگیریکردن لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، یان تەنانەت بەهۆی دانانی پۆستێک لە ئینستاگرام، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. نوێنەری مهاباد لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا بە ماڵپەڕی هەواڵی دیدبانی وتبوو، بە پێی ئەو ئامارانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، لە کاتی هاتنەسەرکاری “سەحرایی” وەزیری پەروەردەوە، نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ هەزار بەڕێوەبەری قوتابخانە بە هۆکاری سیاسی و ئایینی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
ئەم دەرکردنانە کە هەر هێشتاش بەردەوامن، لە ژێر ناوی “پاککردنەوە”دا بەڕێوە چوون و تەنیا بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەگرێتەوە. بەڵام مۆرتەزا نەزەری، بەرپرسی پێشووی ناوەندی زانیاری وەزارەتی پەروەردە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ئیعتیماد”، باسی لە دەرکردن و سزادانی ٢٠ هەزار بەڕێوەبەری قوتابخانە، لە دەوڵەتی سێزدەیەمدا کرد. وەزارەتی پەروەردە بە زیاتر لە یەک ملیۆن مامۆستا و کارمەندی ئیداری، گەورەترین دەزگای جێبەجێکاری کۆماری ئیسلامییە. لە نێو هێزی لەسەرکار و خانەنشینانی ئەم دەزگا پان و بەرینەدا، کۆمەڵێک هێزی پێشڕەو و بوێر و تێکۆشەر بوونیان هەیە. ئەم هێزە یەکێکە لە ڕێکخراوترین خەباتکارانی پێشکەوتنخواز کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ڕادیکاڵیزەکردنی بزووتنەوەی دێموکراتیکی وڵات هەبووە. جگە لە بەدەنەی ئەم وەزارەتخانەیە، باقی ئەم ئۆرگانە مافیاییە، گەندەڵ، ناکارامە و سەرکوتگەر و خاوەن تاقمێک بەرپرسی باڵایە کە نەزانی و دواکەوتوویی، تەنیا یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانیان. ئەوەی کە لێرەدا ئاماژەی پێکرا، تەنیا گۆشەیەکی بچووک لە تایبەتمەندییەکانی وەزارەتی پەروەردە نیشان دەدات. لە ڕاستیدا ئەم وەزارەتخانەیە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆماری سەرمایەداریی ئیسلامییە و دەبێ لەگەڵ ئەودا لەگۆڕ بنرێت. بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستاشدا دەتوانرێت کۆمەڵێک ویست و داواکاریی بەسەریدا بسەپێندرێت.
بەر لە هەرشتێک پێویستە خوێندن بە مانای ڕاستەقینەی وشە، بۆ هەموو چین و توێژەکان ناچاری و بێبەرامبەر بێ و هەروەها لە قوتابخانەکاندا خواردنی بەیانی و نیوەڕۆ بۆ منداڵان دابین بکرێت. دەبێ سەرجەم قوتابخانەکان و فەزای پەروەردەیی، لە بوونی سیخوڕ و بەسیجی و ئاخووند و هێزە ئەمنییەکان پاک بکرێنەوە. پەروەردە بە تەواوی لە ئایین جیابکرێتەوە و تەنیا زانستە ئەمڕۆییەکانی جیهان ببنە سەرچاوە و ناوەڕۆکی کتێبە دەرسییەکان. دەبێ ناوەندە پەروەردەییەکان لێوانلێو بن لە سۆز. بەهرە و تواناییەکان، داهێنانەکان، لێکۆڵەریی و کەسایەتییە سەربەخۆکان تێیدا گەشە بکات. ناوەندە پەروەردەییەکان دەبێ ببنە شوێنی بارهێنان و پەروەردەکردنی منداڵان و گەنجانی بڕوابەخۆ و دوور لە خوڕافاتی ئایینی و نەریتە ڕزیوەکان.