دیاردەی ژنکوژی لە ئێران و کوردستان و هۆکارەکانی بەردەوامبوون و ڕوولەگەشەی لە ناو کۆمەڵگادا

ئەیووب دەباغیان

دیارە ئەم باسە بابەتێکی تازە نییە، بەڵام گرنگ و جێی هەڵوێستە لەسەر کردن و هەوڵ بۆ بنبڕکردنێتی، چونکە ڕۆژانە و بەردەوام ژنان و کچانی ئێمە دەبنە قوربانی دەستی ئەو نەریتە کۆمەڵایەتییە قێزەون و نێرسالارییە کە بە پشتیوانی یاسا و ڕێسای دواکەوتووانەی سەپێندراو ڕوودەدات.

بەداخەوە وەک ئاشکرایە و لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی ئەم دوایانەی ئاژانسی “هەرانا” و هەروەها ڕۆژنامەی “ئێعتمادی”ی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو کراونەتەوە، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٨ ژن و کچ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ناوی کێشەی خێزانی و بە پاساوی شەڕەف لەلایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

هەر لە زاری ئەم ڕۆژنامەیە هۆکاری زیاترین ڕێژەی ئەم کوشتنانە  “نامووسی” ڕاگەیەندراوە و وتوویەتی کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە کوشتنی ژنان و کچان بە پاساوی نامووسی یان کیشەی بنەماڵەیی کەمتر بە میدیایی دەکرێن و ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لە ئاماری بڵاوکراوە. واتە دەتوانێت زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر بێت، کە بە دڵنیایی وایە بەداخەوە! ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتریش ڕێکخراوی “ستۆپ فێمساید ئێران” ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ١٥٦ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە بەواتای ١٣ قەتڵ لە هەر مانگێکدا.

بە باوەڕی من لێدان، ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان واتای لێدان و کوشتنی کۆمەڵگا و لە ناوبردنی ئازادی و بەها مرۆییەکان، واتای لە ناوبردنی دەنگی یەکسانیخوازی و پێکەوەژیان و چەسپاندنی هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزییە. بێگومان بە پەلاماردان بۆ سەر ژنان و کچان و داچۆڕانی خوێن لە جەستە و سوتاندنیان، ئەوە دڵ و هەناو و جەستەی کۆمەڵگایە کە پەلامار دەدرێت و شەڵالی خوین دەکرێت و دەسووتێنرێت و بۆسۆ و بۆکروز دەبێت.

ئەگەرچی نەریت و دیاردەی قێزەون و ناشارستانی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەڕەف و نامووس لە لایەن مێرد، باوک، برا، یان کەسانی نزیک لە بنەماڵەوە شتێکی تازە نییە و تەنانەت خولاسە نابێتەوە بە کۆمەڵگای ئێران، وە زیاتر له‌هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا دواكه‌تووه‌كانه‌وه‌ دێته‌ دەرێ و لە وێنەی قێزەونترین تاوان خۆی نمایش دەکات. گەر چاوێک بە ئامارەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بخشێنیین دەبینین کە ساڵانە زیاد لە ٥٠ هەزار کچ و ژن لە جیهان دەبنە قوربانی دەستی پیاوسالاری و نەریتەکانی تایبەت بە پیاومەزنی، کە ٨٠ لە سەدی ئەم ژنکوژییە لە ڕێگەی هاوسەر، یان کەسانی نزیک لە ژنەکە، واتە بنەماڵە و خزم و کەس ڕوودەدات، و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی پشکی شێری لە ژنکوژی بەردەکەوێت کە بە سەدا پەنجا لە ڕێژە گشتییەکە دەخەمڵێنرێ.

ئینجا بەداخەوە كۆمه‌ڵگاى ئێران و لە ناویشیدا کۆمەڵگەی کوردی بە هەر چوار بەشەکەی هاوشێوەی ئەو كۆمه‌ڵگایانه‌یە كه‌ کلتور، دابونەریت و ئایین وەک سێ گۆشەی پشتیوانی و پشتگیری کردن لە ئایدۆلۆژیای پیاومەزنی چاویان لێ دەکرێت، و هەر ئەو بنەمایانەشن کە یاسا و حوکمەت و دەسەڵاتی دادوەری و تەنفیزییان ڕێکخستووە و بەردەوامن لە داڕشتنەوەی ئەو یاسایانەی کە بۆ پتەوترکردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا کاری پێدەکرێت، بۆیە دیاردەی ژنکوشتن بووە بە نەریتێکی باوی ڕۆژانە.

سیستمی پیاوسالاری ژن وەکوو موڵک دەبینێت و خۆی بە مولزەم دەزانێ لە پارێزگاری کردن لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی. تەنانەت کەسانی سەر بەم باوەڕی فکرییە ئیجازە بە خۆیان دەدەن کە بۆ پارێزگاری کردن یان پاراستنی ئەو موڵکەی کە سیستەمی پیاومەزنی پێی بەخشیون، دەست بەرن بۆ کوشتن و لەناوبردنی ژنان. چونکە لەم ئایدیایەدا جەستە و ڕۆح و کەسایەتی ژن شتێک نییە کە خۆی خاوەنداری بێت، بەڵکوو پیاوان خاوەنین و ژن خۆی خاوەن ئیختیار نییە.

با لەبیریشمان نەچێت کە جگە لە سیستەمی یاسادانان کە لە ژێر کاریگەری ئەم ئایدیایەا شکڵی گرتووە و ڕێکخراوە، تەنانەت سکتەری پەروەردەش هەر لە ژێر ڕکێف و کۆنتڕۆڵی خۆی دایە. سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵگای ئێمە و ناوچەکەش بە هەموو ئاستەکانییەوە، سیستەمێکی ئایینییە و پشتبەستراو بە دابونەریت و لە سەر بنەمای هەڵاواردنی جێندەری بونیادنراوە.

چ پەروەردەی بنەماڵەکان، چ پەروەردەی ناو کۆمەڵگا و چ پەروەردەی سیستەمی خوێندن، هیچیان بێبەش نین لەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە. بە هەموو ئەوانەشەوە، کۆمەڵگای ئێمە وەک سەرجەم کۆمەڵگا ئایینی و ئیسلامییەکان، مزگەوت و دامەزراوە ئایینییەکان بوونەتە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە و دەور و کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە.  مزگەوت و دامەزراوە ئاینییەکان بە تەواوی پەرەپێدەر و بانگەشەکەری ئەو ئایدیایەن کە ڕەوایی دەداتە سیستەمی پیاومەزنی.

وەک ئاشکرایە یاسا لە هەر وڵاتێک کە بەدوور لە سێ کوچکەی کلتور، دابونەریت و ئایین شکڵی گرتبێت، لەوانە وڵاتە پێشکەوتوو و سکۆلارەکان، دەتۆانێت هەڵگری دروشمی یەکسانیخوازی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی بێت و دین و دەوڵەتداری جیاواز لە یەکتری بن و ئایین وەکوو ئەمری تاکەکەسی و تایبەتی مرۆڤەکان هەژمار دەکرێت و تاکەکان دەتۆانن دیندار بن یان نەبن، وە ئەم بابەتە هیچ لە یەکسانبوونی مرۆڤەکان لە ئەرک و مافدا ناگۆڕێت، و یاسا وەک میکانیزمێک چاوی لێ بکرێت کە بتوانێت کار بۆ کەمبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانی بکات دژی ژنان. بەڵام بەداخەوە ئەو یاسایەی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا داڕێژراون و کاریان پێدەکرێت بە ئێران و کۆمەڵگا کوردییەکانی خۆشمانەوە، پارێزەر و پەرەپێدەری نیزامی پیاوسالارییە و لە هەمان کاتدا پەرەپێدەری توندووتیژی دژی ژنانە لە هەموو ڕوویەکەوە، چونکە ئەم یاسایە هەڵقوڵاو و هەڵهێنجراوی ئایینە بە سازگار بوونی بە هەمان دابونەریت و کلتوری خێڵەکی. هەر ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە زۆر به‌ ده‌گمه‌ن گوێبیست بین تاوانبارێك سزا درابێت یاخود له‌ ده‌ست یاسا ڕزگاری نەبووبێ و لە ڕێگەی سوڵحە عەشایەرییەکان چارەسەر نەکرابێت.

قسەی کۆتایی:

ئازیزان میللەتێک کە خاوەن مێژووی بەگژداچوونەوە، خۆڕاگری و هێنانەکایەی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بێت، خاوەن شۆڕشی ژینا و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و دەیان و سەدان خەبات و بەربەرەکانێی تری هاوپشت و ڕێکخراوی ئاوێتە بوو بە ئیرادەی گەل و جەماوەرەکەی بۆ ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان بێت، نابێت ڕێگە بدات یان کەلێنێک بۆ کلتوری پیاوسالاری و ژنکوژی بهێڵێتەوە. بۆیە هەر جۆرە توندوتیژییەک لە سەر ژنان شەرمە و پێشێلی ئاشکرای مافی مرۆڤەکان و نیوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. کەواتە خەبات دژی توندوتیژی و تەجاوز بە مافی ژنان و کوشتنیان لە کۆمەڵگادا ناتوانرێت و نابێتیش بە تەنها بابەتی ژنان خۆیان بێت، بەڵکوو دەبێت مەسئەلەی تەواوی ئینسانە ئازادیخواز، بەرابەریخواز، هۆشیار و پێشڕەوەکانی ناو کۆمەڵگا بێت. وە خەبات دژ بە توندوتیژی و کوشتاری ژنان بە دڵنیایی بەشێک دەبێت لە خەبات بۆ ڕزگاری لە نیزامی مەزهەبی و سەرمایەداری.

ایوب دباغیان

Next Post

دێوڵان؛ ئازاد عەباسی بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانەکەی دەستەبەسەر کرا

پ اکتبر 31 , 2024
“ئازاد عەباسی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی دەستبەسەر کرا. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەر نیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، “ئازاد عەباسی” چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، پاش بانگهێشتکرانی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای قوڕوە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی بەسەربردنی […]

You May Like