«ناسر ئەحمەدزادە»، هاوڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەم شارە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە دوازدەی ڕەشەمەی ١٤٠٣، «ناسر ئەحمەدزادە» هاوڵاتی خەڵکی شاری مەهاباد بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن لە زیندانی شاری مەهاباد ئازادکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم هاوڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانەوە بۆ زیندانی شاری مەهاباد گواسترابوویەوە.
ناسر ئەحمەدزادە، ڕۆژی یەکشەممە حەوتی ڕێبەندانی ئەمساڵ، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر و مامەڵەی یاسایی هەبووە؛ ناوبراو لە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە خەرمانانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە لە زیندانی شاری مەهاباد ئازاد کرابوو.
«ناسر ئەحمەدزادە»، تەمەن ٣٣ ساڵ و باوکی دوو منداڵە.