خەباتی عوسمان ئیسماعیلی بۆ ئازادی

نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و زیندانی خەڵکی شاری سەقز، نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستی مەترسیدارە. ئەم کرێکارە کوردە لە منداڵییەوە ژیانی وەک کرێکاری بیناسازی بەسەر بردووە.

عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری، سەرەڕای بەرگەگرتنی چەند دەیە لە دەربەدەری، زیندان، ئەشکەنجە و هتد، دەستبەرداری خەبات بۆ کۆمەڵگەی دادپەروەر و ئازاد نەبووە و تا ئێستاش لەسەر بەڵێنەکەی بەردەوامە. ئیسماعیلی کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە زینداندایە، لە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ نەشتەرگەری بۆ کراوە. خێزانەکەی بارودۆخی ناوبراویان بە مەترسیدار ڕاگەیاند. بۆیە من لە وتارێکدا باس لە مێژووی چالاکییەکانی ئەم تێکۆشەرە کرێکارییە دەکەم.

ئیسماعیلی یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگەکانی بزووتنەوەی کرێکاران لە کوردستان. خۆی سەر بە چینی کرێکارە و بە پێست و گۆشت و ئێسک زیاتر لە کێشە و نادادی بەرامبەر چینی کرێکار تێدەگات، بەتایبەتی لە ناوچەکانی کوردستان.

عوسمان ئیسماعیلی لە ساڵی ١٣٣٦ لە شاری سەقز لە دایکبووە. تەنیا تا ئاستی سەرەتایی توانی درێژە بە خوێندن بدات؛ چونکە لە خێزانی کرێکارێکدا دەژیا و ناچار بوو بیر لە داهاتەکەی بکاتەوە و گرێیەک لە کێشە ئابوورییەکانی ئەو خێزانە بکاتەوە. کرێکاری بیناسازی لە منداڵییەوە تا ئێستا تاکە سەرچاوەی داهاتی بووە.

١٣٦٠کان؛ دە ساڵ تێکەڵ بە زیندان و دەربەدەری بۆ عوسمان ئیسماعیلی

عوسمان ئیسماعیلی دوای دەستبەسەرکرانی لە ساڵی ١٣٦٥دا، حوکمی ٢٥ ساڵ دەربەدەری لە شاری کرمان بەسەردا سەپێندرا. لەو ٢٥ ساڵەدا تەنیا چەند جارێک بۆ ماوەی یەک بۆ دوو ڕۆژبە مۆڵەت توانی سەردانی شارەکەی بکات. لەو ٢٥ ساڵەی لە دەربەدەریدا ژیاوە، هەمیشە دەنگی چینی کرێکار و ئەو کەسانە بووە کە لە ژێر هەژموون و چەوساندنەوەی کۆماری ئیسلامیدان و دەربەدەریش نەیتوانی کێشەی خەڵکی وڵاتەکەی لەبیر بکات.

عوسمان ئیسماعیلی لە سەرەتای ساڵانی ١٣٩٠ دوای کۆتایی هاتنی دەربەدەری دەگەڕێتەوە سەقز. گەڕانەوەی بە بانگهێشتکردنی زۆر لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان و دەستبەسەرکردنی دووبارەبۆوە. هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، ئەم دەستبەسەرکردنانە زۆر لە پێشوو توندتر بوون؛ بەجۆرێک کە ئیسماعیلی بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار چەند جارێک دەستبەسەرکرا و بە زیندانیکردن سزادرا.

ساڵی ١٣٩٢ بە تۆمەتی بەشداری لە گردبوونەوەی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە سەقز دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.

ساڵی ١٣٩٤ عوسمان ئیسماعیلی هاوکات لەگەڵ مەحمود ساڵحی کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی هاوکاری بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە سەقز دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی مانگێک لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیران.

پاش ئەوە ئیسماعیلی لە ساڵانی ١٣٩٦ و ١٣٩٧ بە تاوانی بەشداری لە گردبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەستبەسەر کرا.

دەستبەسەرکردنی دواتری عوسمان ئیسماعیلی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٩٩. ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ لەگەڵ مەحمود ساڵحی لە لایەن لقی پێنجی دادیاری سەقزەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی لۆگۆی “کۆمەڵە” دادگایی کران. ڕوونیان کردەوە کە ئەوەی بڵاویان کردۆتەوە پێوەندی بە کۆمەڵە نییە و لۆگۆی هەموو کرێکارانی جیهانە.

لە ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٠ دەستبەسەرکردنی دواتری عوسمان ئیسماعیلی ڕوویدا. ئەمجارە بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی پێوەند بەو ڕووداوەوە بۆ ماوەی مانگێک لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی کرا.

لە مانگی جۆزەردانی هەمان ساڵدا لە لایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە ٦ مانگ زیندان سزادرا. دوای چەند مانگێک و لە ٢٣ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا بە تۆمەتی پێشکەشکردنی گوتارێک لە سەر گۆڕی دایکی یەکێک لەو کەسانەی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە شاری سنە لە سێدارە دراون دەستبەسەر کرا.

ڕێک دوای یەک ساڵ و لە ڕۆژی جیهانی کرێکاردا، عوسمان ئیسماعیلی جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە بارمتەی کاتی لە زیندان ئازادکرا.

چالاکانی کرێکاری لە پێشەنگەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

بزووتنەوەی ژینا ئەمینی لە کوردستان و شاری سەقز سەرەتای نوێبوونەوەی هاوکاری و یەکڕیزیی گەلی ئێران بوو؛ بزووتنەوەیەک بە ئامادەبوونی بەهێزی چالاکانی سەندیکای کرێکاران و مامۆستایان و خوێندکاران. تێکۆشەرانی کرێکاری لە ئێران و بە تایبەتی لە سەقز لەم بزووتنەوەیەدا ئامادەیی کاریگەریان هەبووە.

عوسمان ئیسماعیلی یەکێک بوو لە سەدان چالاکە کرێکارییەی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بەهۆی گوتاردانی لە پرسەی ژینا ئەمینی دەستبەسەرکرا و دۆسیەی لەسەر تۆمارکرا. ناوبراو بە بێ فەرمانی دادگا و بانگهێشتی پێشوەختە لە شەقامی شەهادەی سەقز لە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ یەکێک لە زیندانەکانی ئەمنی شاری سنە گوازرایەوە.

عوسمان ئیسماعیلی دوای دوو مانگ و نیو دەستبەسەری کاتی لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دانانی بارمتەی کاتی یەک ملیار تومەن لە زیندان ئازاد کرا. ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە ٤٠ مانگ زیندانی تەعزیری سزادرا و دواجار ئەو سزایە بۆ ١٦ مانگ کەم کرایەوە.

ئیسماعیلی لە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام پێش ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەسەر بکرێت، نووسیبووی کە دادگای شۆڕشی ئیسلامی سەقز بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” بە ١٦ مانگ زیندانی سزایدا.

ناوبراو گوتبووی کە زۆرجار بەهۆی بەرگری لە چالاکییە کرێکارییەکان تۆمەتەکانی ڕەتدەکاتەوە کە بێگومان لەلایەن دادگا و دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕەتکراوە. ئیسماعیلی لە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.

”پرۆژەی مردنی لەسەرخۆ”؛ ئەمجارە تیروپشک بە ناوی عوسمان ئیسماعیلییە

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای کارەکانی تا ئێستا چەندین جار بە بێ چارەسەری پزیشکی و مۆڵەتی پزیشکی بۆ زیندانیانی سیاسی، پڕۆژەی مەرگی لەسەرخۆیان دەستپێکردووە. ڕێگری لە چارەسەری پزیشکی یەکێک لەو شێوازە باوانەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ نەهێشتنی نەیارانی بەکاری دەهێنێت.

بێهنام مەحجووبی، زیندانی سیاسی، نموونەی ئەم بەدەرکردنەیە. زەینەب جەلالیان، فەرنگیس مەزڵوم، زارا سەفایی، مریەم محەمەدی، نێرگز مەنسوری، عەلی نوری و ئارش سادقی چەند ناوێکن لەو لیستە درێژەی کە کۆماری ئیسلامی بە ڕێگری لە چارەسەری یان لە دەرمانەکانیان، ئەشکەنجەی داون تا لێواری کوشتنیان بەردەوام بووە.

عوسمان ئیسماعیلی یەکێکە لە نمونە نوێ و توندی ئەم پڕۆژە حکومییە. پێش ئەوەی بڕواتە زیندان، تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی و ڕۆماتیزم و نەخۆشی دڵ بووە.

یەدوڵڵا سەمەدی گوتەبێژی کۆمیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی لەم بارەیەوە دەڵێت؛

”عوسمان ئیسماعیلی پێش ئەوەی بڕواتە زیندان تووشی چەندین نەخۆشی بوو، بەڵام دوای تێپەڕاندنی کەمتر لە دوو مانگ لە زیندانیکردنی لە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، تووشی ئازارێکی زۆر بوو لە سکیدا و بە بڕیاری پزیشکی دادوەری، کە نەخۆشی “فتق”ی هەبووە و پێویستە بە زووترین کات نەشتەرگەری بکات”.

یەدوڵڵا سەمەدی دەڵێت، دوای چەند ڕۆژێک بەرپرسانی زیندانی سەقز، عوسمان ئیسماعیلی بە مەبەستی نەشتەرگەری دەگوازنەوە بۆ زیندانی ئەوینی تاران، بەڵام زیندانی ئەوین ڕەتیدەکاتەوە وەریبگرێت و ڕایدەگەیەنێت کە بەرپرسیار نییە لە نەخۆشیەکەی.

گوتەبێژی کۆمیتەی عوسمان ئیسماعیلی لەم بارەوە دەڵێت؛

”پاش ئەوەی عوسمان ئیسماعیلی لەلایەن زیندانی ئەوینەوە وەرنەگیرا، ڕەوانەی زیندانی سەقز کرایەوە. دوای بەدواداچوونی خێزانەکەی، عوسمان ئیسماعیلی لە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ بۆ نەشتەرگەری بۆ زیندانی ناوەندی سنە گوازرایەوە. دوای چەندین پشکنین که لەسەر پارەی خۆی ئەنجامدراوه، پزیشکی عوسمان ئیسماعیلی دەڵێت که تووشی گرژبوونی کەناڵی بڕبڕەی پشت بووە و دەبێت نەشتەرگەری بکات، ئەگەرنا ئەگەری ئیفلیجی زۆرە. سەرەڕای ئەوەش لە ١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ عوسمان ئیسماعیلی پاش دوو مانگ و نیو بەبێ نەشتەرگەری بەبێ نەشتەرگەری فتق گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی سەقز، کە هۆکاری گواستنەوەی یەکەمجاری بۆ شاری سنە بوو”.

یەدوڵا سەمەدی لە بەردەوامیدا دەڵێت؛

” لەلایەکی دیکەوە، دوای گواستنەوەی عوسمان ئیسماعیلی بۆ زیندانی سەقز، پزیشکەکان دەڵێن کە پێش هەر نەشتەرگەرییەک، پێویستە ئەنژیۆگرافی بکات تاوەکو دڵنیا بن لە بارودۆخی دڵی”.

پاش بەدواداچوونی زۆری خێزان و چالاکانی کرێکاری و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دواجار عوسمان ئیسماعیلی لە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە بارمتەی یەک ملیار تومان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و بە مۆڵەتی نەخۆشی ئازادکرا بەڵام بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی، ئەم مۆڵەتە دووبارە درێژکرایەوە. لە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ عوسمان ئیسماعیلی نەشتەرگەری بۆ کرا؛ خێزانەکەی بارودۆخی ناوبراویان بە مەترسیدار ڕاگەیاند.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

هەورامان؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی

پ آوریل 4 , 2024
کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی شاخەکانی سنوری تەتەی هەورامان، بە سەختی برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٥ خاکەلێوەی ١٤٠٣، کۆڵبەرێک بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی شاخەکانی سنوری تەتەی هەورامان، بەسەختی بریندار بوە. ناسنامەی کۆڵبەرەکە (کەریم) ٣٠ ساڵ تەمەن، خێزاندار و خەڵکی گوندی (کولیج) سەر بەلە سەوڵاوا ڕاگەیەندراوە. […]

You May Like