«پووریا ئەحمەدی»، برازای «شادمان ئەحمەدی» یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١، دە ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێولان دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەبارەی شوێنی مانەوەی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پووریا ئەحمەدی تا ئێستا هەر دەستبەسەر و لە گرتووخانە بەسەردەبات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە لە سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ئەم ساڵدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بڕیاری دادوەر لە دێولان ئەمجامدراوە. تا ئێستا شوێنی مانەوەی ئەم هاوڵاتییە نادیارە. سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی تا ئێستا وەڵامێکی ڕوون لەبارەی شوێنی مانەوە و چارەنووسی کوڕەکەیان بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی بنەماڵەکەی زیاتر کردووە.هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییەدا تا ئێستا لە هەبوونی پارێزەر و بینینی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
پووریا ئەحمەدی، هاوڵاتی تەمەن ٢٦ ساڵ و برازای شادمان ئەحمەدی لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١، پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەرکراوە و مامەڵەی یاسایی هەبووە.