سنە؛ کەمبوونەوەی سزای ژینا مودەڕسی گورجی لە ٢١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ ١٦ مانگ بەندی تەعزیری

سزای بەندکردنی ژینا مودەڕسی گورجی، چالاکی مەدەنی شاری سنە لە ٢١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ گرتوخانەی هەمەدان بۆ ١٦ مانگ بەندی تەعزیری کەمکرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز سزای ٢١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ گرتوخانەی هەمەدان ژینا مودەڕسی گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی سنە لەلایەن دادگای پێداچوونی پارێزگای کوردستان بە ١٦ مانگ بەندی تەعزیری کەمکرایەوە. دانیشتنی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی ناوبراو لە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونی پارێزگای کوردستان بەڕێوەچوو. لەم دادگایە ناوبراو لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی دوژمن، بێتاوان بوو و بەتۆمەتی تەبلیغ دژی ڕژیم بە ساڵێک بەندی تەعزیری و ڕێکخستنی کۆمەڵەی نایاسایی بە ئامانجی ڕووخاندنی ڕژیم، بە ١٦ مانگ بەندی تەعزیری سزادرا کە ١٦ مانگ لەوە بەنددەکرا.

پێشتر دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە، ژینا مودەڕسی گورجی بەتۆمەتی ڕێکخستنی کۆمەڵەی نایاسایی بەئامانجی ڕووخاندنی ڕژیم، بە ١٠ ساڵ بەندی تەعزیری، هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەکان و دەوڵەتانی دوژمن، بە ١٠ ساڵ بەندی تەعزیری و تەبلیغ دژی ڕژیم، بە ساڵێک بەندی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ گرتوخانەی هەمەدان سزادرابوو. ژینا مودەڕسی گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان یەکەمجار لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ لەلایەن هێزەکانی ئەمنی ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامێکی سنە بە توندوتیژی دەستبەسەرکرا و پاش ٤٠ ڕۆژ لە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بەبارمتەی کاتی ئازاد کرا. بڕی بارمتەی داهاتوو بە زیادبوونی تۆمەتی نوێ بۆ ملیارێک تمەن زیادی کرد. ناوبراو بۆ دووەمین جار لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لەلایەن هێزەکانی ئەمنی دەستبەسەرکرا و پاش ٨٤ ڕۆژ لە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ بەبارمتەی قورسی ٥ ملیار تمەن لە بەندی ژنانی کانونی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازادبوو. ناوبراو مانگی یەکەمی دەستبەسەری لە بەندی تاکەکەسی ئەم گرتوخانەیە دۆخێکی سەختی تێپەڕکردبوو و لە نێوان ٢ دەستبەسەرکراودا لەلایەن هێزەکانی ئەمنی و دەزگای یاسایی لەفشار و چاودێریدا بوو. لە خاکەلێوەی ١٤٠٣ ئیدارەی شوێنەکانی شاری سنە بەهۆی ئەندازەی ڕووناکی و بەبیانووی ناپابەندی سەرپۆشی ئیسلامی، کتێبخانەی ژیرا لە بەڕێوەبەری ژینا مودەڕسی گورجی بۆ چەند ڕۆژ داخست. یەکەمین دادگایی تۆمەتەکانی ناوبراو لە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بەسەرۆکایەتی دادوەر ئەکبەری، دانیشتنی دووەم لە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنە بەسەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی و دانیشتنی سێیەم لە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بەسەرۆکایەتی دادوەر مەریەمی بەڕێوەچوو.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ ئازادی کاتی لوقمان زەنگی

ی اکتبر 6 , 2024
لوقمان زەنگی، هاووڵاتی شاری شنۆ بەبارمتەی کاتی ٢٠٠ ملیۆن تمەن تا کۆتایی لێکۆڵینەوە لە گرتوخانە ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز شەمە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ لوقمان زەنگی، هاووڵاتی گوندی کانی سورەک لە شاری شنۆ بەبارمتەی کاتی و تا کۆتایی لێکۆڵینەوە لە گرتوخانەی ئەم شارە ئازاد کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو لە […]

You May Like