بانە؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم

مەهدی شەریفی، کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری سارداو لەم شارە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی یەکشەممە سیازدەی ڕەزبەری ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری «سارداو» لە شاری بانە گیانی لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «مەهدی شەریفی» خەڵکی گوندی «کانی سێو»ی سەربە شاری بانە بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. مەهدی شەریفی باوکی منداڵێکە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شاری بانە گواسترایەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

 بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤، بە گشتی ٣٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ١٧ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٢٠ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.

لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٣٢ حاڵەت واتا (٨٦٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.

هەروەها لە کۆی گشتی ٣٧ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ١ کۆڵبەر واتا (٪٣) کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنووری عێراق (حرس الحدود) بۆتە هۆی کوژرانی ئەم منداڵ کۆڵبەرە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بەردەوامی کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان؛ سێ کوژراو و یەک بریندار لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە

ی اکتبر 5 , 2025
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربووە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە سەرەتای مانگی ڕزبەری ١٤٠٤ەوە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی لە ناوچە سنووریەکانی پارێزگای کوردستان، لانیکەم سێ کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربووە. […]

بابەتی پەیوەندیدار