ئالان محەمەدی، کۆڵبەرێکی گەنجی شاری مەریوان کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە بە سەختی برینداربوو، بەپێی سزای دادگای شاری مەریوان بە ٥ ساڵ زیندان و ٦ ملیارد تمەن سزای نەقدی سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ئێوارەی چوارشەمە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، ئالان محەمەدی لە سنووری «هەنجیران» لە شاری مەریوان تەقەی لێکرا و لە کەمەریدا بە سەختی برینداربووە. سەختی برینەکانی بە جۆرێک بوو کە گوورچیلەکانی ناوبراو بە سەختی ئازاری هەبووە و لە هەمان شەودا بە فریاگوزاری ئاسمانی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گواسترایەوە و نەشتەرگەری بۆکراوە.
ئەم کۆڵبەرە گەنجە پاش دەرچوونی لە نەخۆشخانە بە دانانی بارمتەی ٨ ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی ئازادکرا، بەڵام لەم ڕۆژانەی دواییدا دادگای شاری مەریوان بڕیاری بۆ سزادانی ناوبراو بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و پێدانی ٦ ملیارد تمەن سزای نەقدی دەرکردووە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئالان محەمەدی، ئێستا هەموو مانگێک پێویستی بە ٢ نەوبەتی دیالیز و چەندین دانیشتنی فیزیۆتراپییە.
بە سەرنجدان لە سەختی دۆخی جەستەیی، جێبەجێکردنی ئەم سزایە کاردانەوەی زۆری لە نێوان چالاکانی مەدەنی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبووە. زۆرێکیان ئەم سزایە بە جۆرێک لە فشار بۆ سەر کۆڵبەران دیاری دەکەن.
بڕیارە ئالان محەمەدی، بۆ جێبەجێکردنی سزای خۆی بۆ زیندانی شاری مەریوان ڕەوانە بکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.