زیندانی ئێڤین؛ ڕەتکردنەوەی دادگایی ڕێحانە ئەنساری نەژاد

دەزگای یاسایی ڕژیم، سەرەڕای تێکچوونی دۆخی تەندروستی ڕێحانە ئەنساری نەژاد، دادگایی ناوبراوی ڕەتکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دەزگای یاسایی ڕژیم دادگایی ڕێحانە ئەنساری نەژاد، چالاکی کرێکاری بەندکراو لە زیندانی ئێڤینی ڕەتکردەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ناوبراو لە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ تائێستا لە بینینی بنەماڵەکەی بێبەشە. هەروەها ڕاقزرتەکان باسی تێکچوونی دۆخی تەندروستی ڕێحانە ئەنساری نەژاد دەکەن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو لە ئەژنۆ و شان، هەروەها بڕبڕەی پشت و مل، تووشی نەخۆشی بووە و پزیشکی پسپۆڕ ٢٠ دانیشتنی فیزیۆتراپی دیاری کردووە بەڵام تائێستا بەرپرسانی زیندان ڕێگری دەکەن.

ڕێحانە ئەنساری نەژاد، چالاکی کرێکاری لە دووشەمە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ پاش ئامادەبوونی لە لقی سزاکانی دادگای ئێڤین بۆ ٤ بەندکردن بۆ زیندانی ئێڤین نێردرا. ناوبراو ئەندامی کۆمیتەی هاوکاری بۆ پشتگیری لە ڕێکخراوانی کرێکاری بوو، کە پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوقاسم سەڵواتی، بەتۆمەتی گردبوونەوە و هاوکاری بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، لە ٤ ساڵ بەندی تەعزیری سزادرابوو. ناوبراو لە بابەتی سزای تەواوکەردا بەتۆمەتی ئەندامێتی لە پارتەکان و کۆمەڵەی سیاسی و چالاکیەکانی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، میدیا و بڵاوکراوەکان و قەدەغەی ڕۆشتنە دەرەوە لە وڵات بۆ ٢ ساڵ سزادرابوو.

کۆڵبەرنیوز

You May Like