حەسەن مێهرابی، هاوڵاتی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسی دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٥ ڕەزبەری ١٤٠٤، حەسەن مێهرابی، هاوڵاتی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی گوندی «نەی» لە شاری مەریوان، پاش ئاگادارکردنەوەی لەلایەن فەرمانداری لەبارەی یارانە، لە مەیدانێکی شارەکە لەلایەن هێزەکانی لیباس شەخسی دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ ڕاگەیاندنی هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەرکردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە و تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، شوێنی زیندانیکردن، دۆخ و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە نادیارە.