مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانگەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دەوڵەتی ئیسڕایل لە تازەترین ماجەراجویی خۆیدا بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری باڵی سیاسی حەماس، لە نێوجەرگەی تاران و لە ناخی زیاتربوونی گرژی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبناندا، جارێکی تر مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی وێرانگەری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر کردووە. دەوڵەتی ئیسڕایل کات و شوێنی ئەم تیرۆرەی بەرنامە بۆداڕێژراو و ئاگاهانە هەڵبژاردووە و لە حاڵێکدا کە دەیتوانی ئەو لە هەر شوێنێکی تر بکاتە ئامانج، تارانی هەڵبژارد تا سوکایەتی بە بێتوانایی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی ئەم ڕژیمە بکات، توانایی خۆی بە ڕووی کۆماری ئیسلامیدا بکێشێ و تەوەهومی قەدەر قودرەتی ئەو لە ناوچەکەدا بشکێنێ. هەڵبەت دەوڵەتی ئیسرایل ئەم سیاسەتەی پێشتریش لە ڕووداوی جۆراوجۆری وەک تیرۆرکردنی شارەزایانی ئەتۆمی ئێران، دزینی چەند تۆن پەروەندەی پێوەندیدار بە چالاکیە هەستەییەکانی، تەقاندنەوەی دامەزراوەی وەک نەتەنز و هیتر بەڕێوەبردوە. بەڵام کوشتنی هەنیە کە میوانی کۆماری ئیسلامی لە مەڕاسمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان سەرۆک کۆماردا بوو، لە گشت حاڵەتەکانی تر بۆ کۆماری ئیسلامی قورس ترە. ڕووداوێک کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیەوە دەتوانێ لەگەڵ کوشتنی قاسم سولەیمانی بەراورد بکرێت. لەو کاتەدا خامنەیی دەوڵەتی عێڕاقی لۆمە کردبوو کە پارێزگاری لە میوانەکەی نەکردوە!
دەوڵەتی ئیسرایل کە لە لایەکەوە پێی وایە کۆماری ئیسلامی توانایی بەرەورووبوونەوەی ڕاستەخۆ لە شەڕێکی بەتەواو مانا و درێژ ماوە لەگەڵ ئیسرایل و ئەمریکا لە خۆیدا نابینێ، بە سوکایەتی کردن بە دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیم هەوڵ ئەدات بە یارمەتی ئەمریکا زێدەخوازیەکانی لە ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵ بکات و لە هەمان حاڵدا ئەم ڕژیمە لەبەرچاوی هێزە نیابەتیەکانی لە ناوچەکەدا بخات. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامی ئەم پێگەی سوکایەتی پێکراوەی تەحەمول نەکات ئەگەری مەترسی ماجەراجوییەک ناکرێت بە دوور بزانین.
دەوڵەتی ئیسرایل زیاتر لە ١٠ مانگە بە پەهباد و چەکی کۆمەڵکوژ باریکەی پڕ جەمعیەتی غەزە دەکێڵێ، ماڵێکی بەسەر پێوە نەهێشتۆتەوە، تا ئێستا نزیک بە ٣٨ هەزار کەسی کوشتوە کە زیاتریان منداڵان و ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو بوون. لەگەڵ هەموو ئەمانە ئەڕتەشی جەنایەتکاری ئیسڕایل نەتەنیا نەیتوانیوە بگاتە ئامانەجە دیاریکراوەکانی، بەڵکو لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لەلایەن ڕای گشتی خەڵکی دنیا و تەنانەت ژمارەیەک لە دەوڵەتانی هاوپەیمانیشیەوە، لەوانە هێندێک لە مەحفەلەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە کەوتۆتە ژێر گوشار.
لە ئاوا بارودۆخێکدا پەرەسەندنی شەڕ لە ئاستی ناوچەکەدا و یان لانیکەم پاراستنی فەزای جەنگی و ئاڵۆز، لە ڕوانگەی دەستە ڕاستییە توندڕەوەکان و جەنایەتکارانی کۆبۆوە لە کابینەی ئیسڕایلدا ڕێگا چارەیەک بۆ هاتنەدەر لەم بونبەستەی ئێستایان لە شەڕی غەزەدا، کە وەک زەلکاوێک تێیدا گیریان خواردوە، چاولێدەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئیسڕایل خوازیاری لاچوونی نەتانیاهۆ و هەڵبژاردنی گشتین. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای لاچوونی نەتانیاهوو، ئەو سەبارەت بە پەروەندە قەبە قەزاییەکەی بە ئەگەری زۆرەوە ڕەوانەی زیندان دەکرێت. لەم ڕوەوە سەرۆک وەزیری ئیسڕایل توند بوونەوەی فەزای جەنگی لە ناوچەکەدا و هەڵخڕاندنی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان لە خزمەت مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا بەکاردێنێ. بە هەڵسەنگاندنی ئەم فاکتۆڕە عەینیانە دەکرێ بڵێین لەمڕۆدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە بەرمیلێکی باڕووت کە سات لەگەڵ سات ئەگەری تەقینەوەی هەیە و مەترسی کێشرانی هەنگاو بە هەنگاوی بەرەو شەڕێکی وێرانگەر جدی تر دەبێتەوە.
بێجگە لەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا تا چ ڕادەیەک مایل بە ڕوودانی وەها شەڕێک بێت، گەلێک نیشانەی جۆراو جۆر باس لەوە دەکەن کە نەتانیاهو هەوڵ ئەدات پێی حوزوری زیاتری نیزامی ئەمریکا بەرەو ناوچەکە بکاتەوە، تا لە ئەگەری ڕوودانی وەها شەڕێکدا سەرکەوتنی خۆی زەمانەت بکات. لەم ڕوەوە تەحریکاتی ئیسڕایل بۆ ڕاکێشانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕوودانی وەها شەڕێک کە تیرۆر کرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران دەتوانێ یەکێک لە بیانوەکانی بێت، دەبێ بەجیدی بگیرێت.
کۆماری ئیسلامیش کە لەبەر تیرۆر کرانی هەنیە خۆی بە ئەرکدار دەزانێ تا تۆڵەی کوژرانی لە ئیسرایل بکاتەوە، بۆ پشت ڕاست کردنەوەی لەژێر باری ئەم سوکایەتیەدا، دوور نییە کە دەست بداتە ماجەراجوییەکی نیزامی. ماجەراجوییە شەڕ ئەنگێزیەکان، لە هەردوو لاوە، هێندێک جار تەنانەت سەرەڕای مەیلی یەکێک لە لایەنەکان دەتوانێ ببێتە شەڕێکی وێرانگەر لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا. وەها شەڕێک بەرتەسک بێت یان بەرین و درێژ ماوە، دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی خەڵکی ئێران و ئیسڕایل و لوبنان و سوریەو سەرجەم ناوچەکەوە و بێگومان زیانە ئینسانی و مادیەکانی ئەم شەڕە کارەساتبار دەبێت.
سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە لە لایەن سەخسی خامنەییەوە دیاری دەکرێت و لە ڕێگای باڵی قودسی سپای پاسدارانەوە بە کردەوە دەردێت، کۆمەڵگای ئێران بەرەو کارەساتێک پاڵ پێوەدەنێت کە چیوای کەمتر نابێت لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێڕان و عێڕاق. ئەگەر ئەم ڕژیمە بە داسەپاندنی هەژاری و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی ئازاردەر ژیانی ئەم خەڵکەی بەرەو نابوودی بردوە، دوور نییە کە وەک ئاخرین هەوڵەکانی بۆ مانەوە، بەرەوپیری وەها شەڕێک بچێت. بەرگرتن لە وەها شەڕێک تەنیا بە توند بوونەوەی خەباتی سیاسی و سینفی و پەرەدان بە چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و حوزوری چالاکانەی خەڵک لە گۆڕەپانی سیاسەتدا ئیمکانپەزیرە. هاواری” نا بۆ شەڕێک کە لە هەموو لایەکەوە کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکیە” دەبێ لە هەموو شوێنێکی ئێراندا دەنگ بداتەوە. نابێ ئیجازە بدرێت کە ژیانی ئەمڕۆ و سبەینێی خەڵکی ئێران ببێتە قوربانی ماجەراجوییەکانی دوو دەوڵەتی دەستەڕاستی لە ئێران و ئیسرائیل.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ ئازادی کاتی "ئەحمەد حەسەن زادە" بە دانانی بارمتە و بەردەوامی دەستبەسەرکرانی "سۆڵماز حەسەن زادە"

پ آگوست 1 , 2024
ئەحمەد حەسەن زادە، باوکی گیانبەختکردوو “محەمەد حەسەن زادە” بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا و کچی ناوبراو “سۆڵماز حەسەن زادە” بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، “ئەحمەد حەسەن زادە” بە دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و “سۆڵماز حەسەن […]

You May Like