مانگرتنی گشتی گەڵاوێژی ١٣٨٤ و دەرس و ئەزموونەکانی

ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی گەلاوێژ ساڵیادی ڕۆژێكی مێژوویی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستاندا بوو. ڕۆژێکی كه، بووە هێمایەكی نوێ لە مێژووی بزووتنەوەی جەماوەریی كوردستان. ڕۆژێك كە وەبیرهێنانەوەی دەرسە گرنگەكانی، ئەمڕۆکە زیاتر لە هەمیشە پێویستە. با جارێكی دیكە لە ساڵیادی ئەم ئەزموونە مێژووییەدا چاوێك بخشێنینەوە بەسەر ئەو ڕووداوەدا.

١٦ی گەلاوێژی ١٣٨٤ ئەو ڕۆژەی كە بە مانگرتنی گشتی خەڵكی كوردستان، چووە ناو مێژووی ئەو وڵاتەوە. سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی هەوڵیاندا یەكێك لە خەباتكارانی شاری مەهاباد بە ناوی “كەماڵی ئەسفرام” ناسراو بە “شوانە سەید قادری” دەستبەسەر بكەن. كاتێك هەوڵەكانیان بێ ئاكام مایەوه،‌ شوانەیان دایە بەر دەسترێژ و برینداریان كرد. جەلادانی ڕژیمی ئیسلامیی ئەو لاوە‌ بریندارەیان ئەشكەنجە‌ كرد، كوشتیان و تەرمی شێواوی ئەویان بەوپەڕی بێڕێزییەوە بەناو شاردا گەڕاند و دواتر ڕادەستی بنەماڵەكەیان كرد‌. مەبەستی ڕژیم لەم كردەوەیە، چاوترسێن كردنی خەڵك بوو، بەڵام ئاكامەكەی بە پێچەوانەی ویستی ڕژیم هەڵگەڕایەوە. دانیشتوانی شاری مەهاباد كاتێك ئاگاداری ئەم جینایەتەی هێزەكانی ڕژیم بوون، بە كۆمەڵ چوونە بەردەم ماڵی ئەم لاوە خەباتكارە و هاوخەمیان لەگەڵ بنەماڵەكەی و نەفرەتی خۆیان لە دژی ڕژیمی ئیسلامی دەربڕی.

ڕۆژەکانی ١٩ و ٢٠ی پووشپەڕ خەڵكی تێكوشەری شاری مەهاباد و بە تایبەت لاوان لە شەقامەكانی ئەو شارە دەستیاندایە خۆپیشاندان و بە دانی دروشم لە دژی هێزە سەركوتگەرەكان، نیشانیان دا كە هیچ جینایەتێكی ڕژیم بێ وڵام نامێنیتەوە. ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ خۆپیشاندانەكان لە ئاستێكی بەرین تردا بەڕێوەچوو و هێرشی هێزەكانی رژیم لە گەڵ خۆراگری تێكۆشەرانی ئەو شارە بەرەوڕوو بوویەوە. هێزە‌كانی ڕژیم تەیار بە ئامرازەكانی سەركوت لە هەمان كاتدا لە ئاسمانەوە بە هێلیكۆپتر پشتیوانییان لێ دەكرا. لە ئاكامی ئەم بەرەوڕوو بونەوەیە لە نێوان هێزەكانی ڕژیم و خەڵكی خەباتكار و لاوانی مەهاباد، ٥٠ كەس لە خۆپیشاندەران دەستبەسەركران. ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ خەڵكی مەهاباد بۆ نیشاندانی‌ ناڕەزایەتیی زیاتر بەرامبەر بە كردەوەی سەركو‌تگەرانەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی و میلیتاریزه كردنی شار، هاوكات لەگەڵ درێژی خۆپیشاندان، دوكان و بازاڕ و ناوەندەكانی كاریان داخست.

دوابەدوای خۆپیشاندان‌، بەرەوڕووبونەوەی بوێرانە و ناڕەزایەتی جەماوەریی لە مەهاباد، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دژی كۆماری ئیسلامی، شارەكانی دیكەی كوردستانیشی داگرت. خەڵكی خەباتكار و لاوانی شوڕشگێر لە شارەكانی بۆكان، مەریوان، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەقز، سەردەشت، سنە و دیواندەرە و شار و شارۆچكەكانی تر، بۆ پشتیوانی لە خەڵكی مەهاباد بەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەوە پەیوەست بوون. ئەوان وێڕای مەحكووم كردنی كردەوەی‌ سەركوتگەرانەی ڕژیم چەند داخوازییەكیان هێنایە گۆڕێ، كە بریتی بوون لە: ناساندن و سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەم جینایەتانە، ئازاد كردنی دەستبەجێی گیراوەكان و ڕاگرتنی جینایەت و كوشتار لە كوردستان. كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی لە جیاتی وەڵام دانەوە بە داخوازی ڕەوای خەڵكی كوردستان، هێزێكی زۆریان ڕژاندە كوردستان و بەریان دانە گیانی خەڵك. ئەم خەباتە ئەگەرچی داخوازی ڕوونی هەبوو، بەڵام بە شێوەی‌ پرشوبڵاو لە شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان بەڕێوەدەچوو. بەرەوڕووبونەوەی خۆپیشاندەران و هێزەكانی ڕژیم لەسەر شەقامەكان زیانی زۆرتری بە خەڵك دەگەیاند. لە شاری سەقز چەكداراەكانی ڕژیم ڕیزی خۆپێشاندانی خەڵكیان دایە بەر دەسترێژی گوللە و ژمارەیەك گیانیان بەختكرد و ژمارەیەكیش بریندار بوون. كاتی ئەوە هاتبوو كە‌ هێز و توانای خەڵكی تێكۆشەر لە حەڕەكەتێكی رێكخراو و هاوئاهەنگ دا بە دوژمن نیشان بدرێت. كۆمەڵه،‌ رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ١٦ی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٨٤ی وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە كوردستان ڕاگەیاند و بانگەوازی كۆمەڵە لە ڕاگەیاندنێكدا كە ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ بڵاوكرایەوە بە ئاگاداری خەڵك گەیشت. دوای بڵاوبونەوەی بانگەوازی كۆمەڵە، كرێكاران، لاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە شارەكان لە پێناو ئامادەكاری بۆ به ‌سەركەوتن گەیاندنی مانگرتنی گشتی، كەوتنە خۆ. دام و دەزگاكانی ڕژیم بۆ پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی مانگرتن، هەوڵەكانی خۆیان دەست پێكرد. نەیارانی ئەم حەڕەكەتەش لەناو ڕێکخراوە سیاسییەكانی كوردستاندا چی بۆیان كرا لە پێناوی پێشگرتن لە سەركەوتنی ئەو بانگەوازە درێغیان نەكرد. كار گەیشتە جێگایەك كە ڕێكخراوێك كە بەداخەوە ناوی كۆمەڵەشی لە سەر خۆی داناوە، بە دەركردنی ڕاگەیاندنێكی ڕەسمی داوای لە خەڵك كرد لەو حەڕەكەتەدا بەشداری نەكەن.

سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ بە ملیۆن ژن و پیاوی تێكۆشەر و ئازادیخواز بە داخستنی دوكان، كارگا و ئیدارە و شوێنەكانی خۆیندن و ناوەندەكانی دیكەی كار، وەڵامێکی یەكگرتووانە و كەم وێنەیان بە كۆماری ئیسلامیی دایەوە‌ و هاوكاتیش نیشانیان دا كە بایەخێك بە كردەوەی تێكدەران و نەیارانی ئەم حەرەكەتە نادەن‌. خەڵكی ناڕازی لە شارەكانی مەهاباد، بۆكان، مەریوان، سەقز، سنە، شنۆ، پیرانشار، بانە، سەردەشت، ڕەبەت، كامیاران و دیواندەرە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان‌ بە شێوەیەكی بەربڵاو بە پێشوازی ئەم بانگەوازەوە هاتن و لە شارەكانی نەغەدە و ورمێش بەشێكی بەرچاو لە خەڵك لە مانگرتن دا بەشداریان كرد. بەم جۆرە ئەم مانگرتنە سەركەوتوانە و شکۆدارە وەك ڕۆژێكی مێژوویی لە خەباتی خەڵكی كوردستان دا تۆمار كرا. ئەم مانگرتنە جارێكی دیكە نیشانی دا كە سەرەڕای گشت جینایەتەكان و پیلانەكانی كۆماری ئیسلامیی لە كوردستان، ئیرادەی خەڵك بەرامبەر بە ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و سیاسەت و كردەوەكانی، قایمتر و ڕیزەکانیان یەكگرتووتر و پتەوەتر بووە. سەركەوتنی ئەم مانگرتنە لە هەمان كاتدا كە ڕیشەی لە چەند دەیە خەباتی پڕاوپڕ لە فیداكاری خەڵك دا بوو، بە جەسارەت و خەباتی شێلگێرانە و یەك مانگەی خەباتكارانی مەهاباد و باقی شارەكانی كوردستان جێگیر كرا. بەم مانگرتنە وشیارانەیە، سەراسەری، ڕێكخراو و سەركەوتوانەیە، خەباتی خەڵكی كوردستان لە دژی ڕژیم پێینایە قۆناغێکی دیكەوە. قۆناغێک كە تێیدا خەباتی وشیارانە، ڕێكخراو و بە بەرنامە دەورێكی كاریگەر لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستاندا دەبێنێت. 

ڕژیم كە هێزی خەباتی یەكگرتوانەی خەڵكی بینی، ڕۆژێك دوای مانگرتن و لە هەوڵێكی فریوكارانەدا هەیئەتێكی لە نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیی ڕەوانەی شارەكانی كوردستان كرد تا بەناو دڵنەوایی لە خەڵك بكەن‌. ئەندامانی ئەم هەیئەتە بە لێدوانی بێ ناوەرۆكی بەرپرسانی ڕەسمی وەك ئیمام جومعه و فەرماندارانی شارەكان هێندێك نومایشیان وەڕێخست و بەكردەوە داخوازییەكانی خەڵكیان خستە پشتگوێ. بەڵام دەرسەكانی مانگرتنی گشتی چووە سەر ئەزموونەكانی هێزی لەبن نەهاتووی كۆمەڵانی خەڵك و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانی هەنگاوێكی گەورە بەرەوە پێش برد. بە دوای ئەو ئەزموونەدا تا ئێستا چەندین جار و بە تایبەت لە گەرمەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا، جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و نەفرەت و ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دەستدرێژی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی، مانگرتنی گشتییان بەڕێوە بردووە و مانگرتنی سیاسی بۆتە بەشێک لە نەرێتی خەباتی مەدەنی لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

چاودێری تەندروستی لە ئێران: لە مافی شاررۆمەندییەوە بۆ کاڵای بازرگانی

ش آگوست 9 , 2025
سیستەمی چاودێری تەندروستی لە ئێران هاوشێوەی زۆرێک لە بوارە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک ئاو، کارەبا، پەروەردە و هتد، لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ بەرەوڕووە. قەیرانێکی کە ڕیشەی لە تەواوی پێکهاتەی ئابووری – سیاسی دەسەڵاتدار و بە بازرگانیکردنی خزمەتگوزارییە دەرمانییەکاندایە. دابینکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی، لە زومرەی ئەرکە لە پێشینەکان نییە و هەمیشە […]

بابەتی پەیوەندیدار