ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ی سێپتامبر، بەرابەر ١٨ی خەرمانان، ڕۆژی جیهانی خوێندنە. ساڵی ١٩٦٦ی زایینی ئەم ڕۆژە بە پێشنیاری یۆنسکۆ، ڕێکخراوی ئامووزشی زانستی و فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵنامەی ئەو ڕێکخراوەیەدا تۆمار کرا. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن یونسکۆوە بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن کەسی نەخوێندەوار لە جیهاندا بوونیان هەیە. لەو ئامارەی یۆنسکۆدا، نەخوێندەوار بەو کەسانە دەوترێت کە لە توانایی خوێندنەوە و نووسین بێبەشن. بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا، بێبەشبوون لە ئیمکانی بەکارهێنانی ئینترنێت و ئامرازەکانی تری پەیوەندیکردنیش، دەبێ لە چەمکی نەخوێندەواریدا جێگیر بکرێت. هەربۆیە ڕێژەی نەخوێندەواری ڕاستەقینە زۆر زیاترە لەم ڕێژەیە. بەپێی خەمڵاندنەکانی یونسکۆ، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پێویست، ساڵانە ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن کەس دەخرێنە لیستی نەخوێندەوارەکانی جیهانەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یونسکۆ، نزیکەی ٨٠ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بوونیان هەیە کە تەنانەت ئیمکانی خوێندنی سەرەتاییشیان نییە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ٢٨ میلیۆن لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە نەخوێندەوارن. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی کە لەڕاستیدا هیچکات ژمارەی ڕاستەقینەی نەخوێندەواری لە ئێراندا نیشان نادەن، ئێران لە نێو ١٧٨ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١٢٠ دایە. ئاشکرایە کە ژمارەی نەخوێندەواران لە نێو کرێکاران و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا زۆر زیاترە لە ژمارەی نەخوێندەواران لە نێو چین و توێژەکانی تردا. هەروەها نەخوێندەواریی لە ناو ژناندا دوو ئەوەندەی پیاوان زیاترە و زۆربەی نەخوێندەواران لە گوندەکاندا دەژین. ههروهها له نێوان ناوچه جیاجیاکانی ئێران، پارێزگا کوردنشینەکان که تێیاندا منداڵان له خوێندن به زمانی دایکیان بێبهشن، زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەوارییان ههیه و لهم بابەتەوە هاوئاستی پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستانن. جگە لە ڕێژەی بەرزی نەخوێندەواریی لەناو بەتەمەنەکان، لە ئێران لە کۆی ٢٠ میلیۆن منداڵی کە پێویستیان بە چوون بۆ مەدرەسە و خوێندن هەیە، تەنیا ١٢ ملیۆنیان دەچنە مەدرەسە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەی کە وا خۆی نیشان دەدات کە گۆیا گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەی نەخوێندەواری دەدات، بەڵام بەو پێیەی کە بەشێکی زۆری بودجەی ڕژیم هەموو ساڵێک بۆ چالاکییە نیزامی و ئەمنییەتییەکان و دام و دەزگاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی خوڕافات لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات خەرج دەکرێ و گەندەڵی و تاڵان و بڕۆی دارایی و ئیداریش بەشێکە لەم سیستەمە، هیچ کام لەو پلان و بەرنامانەی کە تا ئێستا بەکاری هێناوە ئەنجامێکی سەرکەوتوویان نەبووە. ئەمڕۆ لە دۆخێکدا کە تەنانەت تەنیا توانایی خوێندنەوە و نووسینیش پێوەرێکی تەواو نییە بۆ خوێندەواربوون، بەرپرسانی ڕژیم باس لە بوونی ٢٨ میلیۆن نەخوێندەوار دەکەن. بەپێی پێناسەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، کەسێک کە بتوانێت دەقێکی سادە بە زمانی فارسی بخوێنێتەوە یان بنووسێت، بە خوێندەوار دادەنرێت و هاوتایە لەگەڵ ئاستی یەکەمی سەرەتایی خوێندن. بەڵام بەپێی پێوەرەکانی ئەمڕۆ، خوێندەوار کەسێکە کە بتوانێت لە خوێندەواربوونی خۆی بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی وشیاری و لێهاتوویی و باشترکردنی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەهرەمەند بێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێستا کامپیۆتەر و ئینترنێت بووەتە بەشێک لە کار و ژیانی مرۆڤەکان، پێویستە ژنان و پیاوان لانیکەم توانایی بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەیان هەبێت. ئەگەر کەسێک لەو توانایە بێبەش بوو، کەمتر دەتوانێت ئاستی زانست و زانیاری و لێهاتوویی خۆی بەرەوپێش ببات.بەڵام کێشەی منداڵان و گەنجان و گەورەکانی ئێران تەنیا نەخوێندەواریی یان کەمی خوێندەواریی نییە. کۆماری ئیسلامی جگە لە نەخوێندەواریی، لە ڕووی ئاستی کوالێتیشەوە تاڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی بە خوێندن و بارهێنان کردووە. ئەو منداڵانەی واز لە خوێندن دێنن دەنێردرێنە بازاڕی بێبەزەییانەی کار و زۆربەیان لەگەڵ چوونەسەرەوەی تەمەنیان ئیتر هەرگیز ئیمکانی خوێندن و خوێندەواربوون بەدەست ناهێنن. بەرپرسانی ڕژیم هەموو هەوڵ و ئیمکاناتی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی ئەو خوێندکار و قوتابییانە خوڕافاتی و لەباری کەسایەتییەوە ناسەربەخۆ و گوێڕایەڵ بار بهێنن. کاربەدەستانی بەشی پەروەردە و بارهێنان بەمەبەستی پڕکردنەوەی کاتەکانی خوێندکاران و شۆردنەوەی مێشکیان، کەسانێکیش بەناوی “ڕاهێنەری پەروەردەیی” دەنێرنە قوتابخانەکان، کە یان مەلان یان دەورەی مەلایەتییان بینیوە. ئەرکی ئەو کەسانە بریتییە لە کارکردن بەشێوەی تاک و ڕووبەڕوو لەگەڵ خوێندکاران بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر، خوڕافاتی باریان بهێنن. تەواوکەری ئەم هەوڵانە بریتییە لە خستنە ژێر گوشار و پێدانی کۆمەڵێک ئیمتیاز بەمەبەستی ناونووسکردنی منداڵان و تازەلاوانی خوێنداکار لە ڕێکخراوی بەسیجی سپای پاسداراندا. بەرپرسانی پەروەردەیی ڕژیم بە جیاکردنەوەی کچان لە کوڕان هەوڵ دەدەن ئەگەری هاوڕابوون و هاوفکریی و هاوکاریی ئەوان لە قوتابخانەکاندا هەرچی زیاتر کەم بکەنەوە. ناچارکردنی خوێندکاران بۆ گەشتکردن بۆ ناوچە شەڕلێدراوەکان لەژێر ناوی “کاروانی ڕاهیانی نوور” و هەوڵدان بۆ پڕکردنی مێشکی منداڵان لە بابەتی درۆ و دەلەسەی مێژوویی، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکەن کە خوێندکاران لەگەڵیدا بەرەڕوون. دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە سووکایەتی و بێ ڕێزیکردن بە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران و بێبەشکردنی منداڵەکانیان لە خوێندن، هەوڵ دەدەن تۆوی ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزمی ئێرانی لە مێشکی خوێندکارانی ئێراندا بچێنن. بەردەستبوونی بەربڵاو و هەرزانی مادەهۆشبەرەکان، یەکێکی دیکەیە لەو کێشە و گرفتانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر ژینگە پەروەردەییەکانی ئێران هەیە. ئەو ڕاستییە تاڵانەی سەرەوە نیشانی دەدەن کە خەبات لەدژی نەخوێندەواریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ئێران گرێدراوە بە خەبات لە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە. تەنیا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕێژیمەیە کە کۆمەڵگای ئێران دەکەوێتە سەر ڕێچکەی زاڵبوون بەسەر ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە کارەساتبارانەدا.
You May Like
-
10 ماه ago
قەیرانی کۆچی پزیشک و پەرستاران لە ئێران