پەیامی کۆمیتەی لاوانی شۆڕشگێڕی سووری مەهاباد

ئێمە هەزاران کەس بووین، هەزاران کەس لە ئێمە گیانیان بەخت کرد یان لە زیندانەکاندا ڕزان. هەزاران کەس لە ئێمە پشتیان دە مەیدانی شۆڕش کرد. هەزاران کەس لە نیوەی ڕێگا بەجێ مان. بەڵام، ئێمە هێشتا هەزاران کەسین.

پەیامی خۆمان بە یاد و ناوی هاوڕێی زیندوو‌یاد کاک عەزیز یوسفی دەست پێ دەکەین؛
سەرەتا پەیامی هاودڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەکانی سەربەرزی شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەکەین و لەگەڵ ئەوان یادی هاوڕێیانی نەمرمان بەرز ڕادەگرین و جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە بنەماڵەی شەهیدانمان بەجێ ناهێڵین و ناهێڵین یاد و ناوی شەهیدەکانمان لە یاد بچنەوە. دواتر وەکوو گەلی کوردستان جارێکی دی پەیامی یەکگرتوویی و هاودڵیمان بە گوێی هەموو گەلان و چینی چەوساوەی ئێران دەگەیێنین و باوەڕمان وایە کە چارەنووسی هەموو چەوساوەکان لێک گرێ دراوە و چەوساوەکان بێجگە لە ئیرادە و هێزی خۆیان هیچ پشتیوانێکیان نیە و ئەو ڕەوتە پاوانخواز و فاشیستانەش ڕسوا دەکەن کە لەو سەری ئۆقیانووسەکان لە نێو کۆشکە لوکسەکانی کالیفۆرنیاوە دەیانهەوێ بڕیار بۆ ژیان و چارەنووسی ئێمە بدەن. جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە بە گەلانی چەوساوە سەلما کە ئێمپریالیزمی جیهانی دڵسۆز و ڕزگاریدەری هیچ گەلێک نییە و ئەوەی بۆوان بایەخی هەیە ئەو سوودەیە کە لە ڕێی دەوڵەتە کۆنەپەرەستەکانی ناوچە پێیان دەگا، نەک ویست و خولیاکانی ئێمە.
لە درێژەدا لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕووداوە تاڵەی لە مەقەڕی سازمانی زەحمەتکێشاندا ڕوویدا، ئێمە وەکوو هێندێک لە لاوانی شۆڕشگێری کوردستان، ئەو کردەوە بە توندی مەحکووم دەکەین و ئەو کارە لە ڕاستای ئامانج و خواستەکانی گەلی کوردستان نابینین و نەفرەت دەکەین لەو ڕیبازە کە لوولەی تفەنگی بەرەو تاکی شۆڕشگێری گەلی چەوساوە دەسووڕێنێتەوە و داوامان ئەوەیە کە مەسئوولانی ئەو دوو جناحە وڵامدەر بن لە ئاست کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لە درێژەدا ڕوو لە لاوانی خوێن گەرمی کوردستان، بەتایبەت مەهاباد دەکەین کە مەتن و ناوەرۆکی ئەو شۆڕشە پێشڕەوە لە یاد نەکەن و هەوڵ بدەن ڕەوتی پیشڕەوی ئازادی‌خوازی و یەکسانی‌خوازی کوردستان بەرفراوانتر بکەنەوە و سەنگەرەکان ئاودیوی سنوورەکانی کوردستان بکەن و لە بەرتەسک کردنەوەی ئەو شۆڕشە و بە حیزبی کردنی خۆ ببوێرن. ئەوە هەلێکی زێڕینە بۆ هەموو چەوساوەکان، بۆ ژنان، بۆ نەتەوەکان و بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش کە بە پەرەپێدان و ڕادیکاڵ کردنەوەی مەتنی ئەو شۆڕشە، هەموو چەشنە ستەمێکی چینایەتی، ڕەگەزی و نەتەویی بۆ هەمیشە لە ناو ببەن. ئەو دڵنیاییەش دەدەین بە خەڵکی چەوساوە کە ئەو شۆڕشە کپ ناکرێ و کۆماری سێدارە وادەزانێ بە سەرکوتی حیزبەکان لە دەرەوەی سنوورەکان دەتوانێ خەڵکی ناڕازی بێدەنگ بکا. خەیاڵی خاوە و نازانێ کە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خەڵک، نە حیزبەکان بەڵکوو نابەرابەری، هەڵاواردن، هەژاری، بێکاری، گرانی، خەفەقان و فەسادە و ئەوانە هێشتا نەک لە جێی خۆیانن بەڵکوو خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەڕێچوونی خەڵک سەختتر دەبێ و کەرامەتی ئینسانەکان پێشێل دەکرێ. ئەوەی کە کۆماری سێدارە نایهەوێ ددانی پێ داگرێ ئەوەیە کە هێزی بڕیاردەر نەک لە کۆیە و ئالبانی و زرگوێز، بەڵکوو لێرە لە کارخانەکان، لە مووچە و مەزراکان، لە نێو دەستە کارگەرە فەسڵییەکان، لە نێو کوورەخانەکان، لە نێو تەعمیرگاکان، لە پەراوێزی شارەکان، لە زانکۆکان و لە شەقامەکانن. ئەوەیە هێزی لەبڕان‌نەهاتووی گەلی چەوساوە کە هیچ مووشەکێک نایبەزێنێ. بە شاهیدی مێژوو، ئەو شایەی بە دەستووری ئامریکا ببووە ژاندارمی ناوچە و بە ئێف شازدەکان لە خۆبایی ببوو هەر بە دەست حەڵەبی ئابادییە پێخواسەکان تەخت و تاجی تێکڕووخا و لە چوار قوڕنەی دنیا جێی نەدەبۆوە. کۆماری سێدارەش ئەو وەهمەی هەیە کە ئێستا ئامریکا تەوافوقی لەگەڵ کردووە و پووڵ و ئیمتیازی داوەتێ دەتوانێ دەنگی شۆڕشی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی گەلانی ئێران سەرکوت کا بەڵام لەو لایە نە توانیوییەتی بوحڕانی مەشڕووعیەت چارە بکا و نە بوحڕانەکانی ئابووری. ئەوەی کۆماری سێدارە ماویەتی گوللە و زەبروزەنگە. بە شاهیدی ئەو ٤٤ ساڵەش، دیتوومانە کە نە گوللە، نە زیندان و نە سێدارە نەیتوانیوە و ناتوانێ دەنگی شۆڕش کپ بکا.

سەرکەوێ شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ئێران
بەرقەرار بێ سۆسیالیزم و ئیدارەی شووڕایی

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەهاباد؛ دەستگیرکردنی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

د جولای 3 , 2023
سەید ئەحمەد تالانه هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆلبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢، سەید ئەحمەد تالانە کوڕی سەید ڕەحیم، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەرکرا. به پێی […]

You May Like