«بێهروز فەرهەنگ»، هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکان کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری ورمێ لە دۆخێکی نادیاردا بەسەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بێهروز فەرهەنگ، هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکان بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە شەقامی مەولەوی لە ڕۆژهەڵاتی شاری بۆکان دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو پاش ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانی، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندووە کە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا، دووکانی خەیاتی ئەم هاوڵاتییەیان پشکنیووە و دەستیان بەسەر تەلەفۆنەکەیدا گرتووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.