حەمید چپاتی، چالاکیی مەدەنی خەڵکی ورمێ، لە دادگای لێکۆڵینەوە بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزادراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، حەمید چپاتی، چالاکیی مەدەنی خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای لێکۆڵینەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزادراوە. سزای دەرچوو لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
پێشتر، لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر «شاهینی» ئەم چالاکەی مەدەنی بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری سزادرابوو. بەڵام بە ناڕەزایەتی جێگری سەردادوەری ورمێ، دۆسیەکە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە نێردراوە و سزای سەرەتایی بۆ شەش مانگ زیندان زیادکراوە.
دانیشتنی دادگای سەرەتایی لە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بەڕێوەچووە و سزای ناوبراو پاش چوار ڕۆژ بە پارێزەری حەمید چپاتی ڕاگەیەندرابوو. ئەم چالاکەی مەدەنی لە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ پاش بانگهێشتی بۆ پۆلیسی ئەمنی بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ڕەخنەکردن لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەستبەسەرکراوە و پاش پێداچوونەوەی تۆمەتەکە بە کەفالەت بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازادکرابوو.