پیرانشار؛ کوژران و برینداربوونی ٢ کۆڵبەر بەهۆی تەقە و لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی هەنگی مەرزی

بەهۆی تەقە و لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەکانی سنووری پیرانشار، کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دووشەمە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری دڵاوان لە پیرانشار، تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدان و ئەشکەنجەی کۆڵبەرانیان کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە برینداربوو. ناسنامەی کۆڵبەرە کوژراوەکە حسێن کەمال نیا، ٣٨ ساڵان خەڵکی گوندی ئەندیزە لە پیرانشار ڕاگەیەندراوە. دەگوترێت ئەم کۆڵبەرە پاش ئەوەی بە گوللە برینداربوو، لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی بە قۆناغە چەک لە سەریدا لێدان و ئەشکەنجە کرا و پاشان ڕێگەیاندا بڕوات. ناوبراو لەلایەن خەڵکی ناوچەکە دۆزرایەوە و بۆ نەخۆشخانە گواسترابوو. ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەم کۆڵبەرە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی بوو و دایکی ناوبراو بەهۆی نەخۆشی شەکرە هەردوو چاوی لەدەستداوە. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بەناسنامەی فەردین قەلاش، خەڵکی پیرانشار بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە چەکی جەنگی بریندارکرا. ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ گواسترایەوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣، بە گشتی ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٣٦ کۆڵبەر واتا (٢٥٪) کوژراون و ١٠٦ کۆڵبەر واتا (٧٥٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ١٢٤ حاڵەت واتا (٨٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزە سەربازییەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ لە سنووری کوردستان کوژراون و برینداربوون، ١٠ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.

ئاماری شەش مانگی یەکەمی ساڵ ١٤٠٣، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی بەرزبوونەی ٦٧٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنوورری کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی

چ اکتبر 9 , 2024
بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەکانی سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز سێشەمە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری بانە، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک ”زگی” بەسەختی برینداربوو. ناسنامەی ناوبراو شاخەوان مەشهوری، خەڵکی گوندی کەندەسورە لە شاری بانە ڕاگەیەندرا. ناوبراو […]

You May Like