ئەو پێنج کاسبکارە کوردەی کە لە بەرزاییە سنوورییەکانی دەرگامێشی شنۆ لە بەفروبۆراندا گرفتار ببوون، بە یارمەتی تیمەکانی فریاکەوتن و خەڵکی ناوچەکە، ڕزگاریان بوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ۴ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئەو کاسبکارانەی لە بەرزاییەکانی دەرگامێشی شاری شنۆ لە بەفر و بۆراندا گرفتار ببوون، بە یارمەتی تیمەکانی هەیڤی سوور و خەڵکی ناوچەکە ڕزگار کران. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کاسبکارانە بە هۆی نەبوونی کەلوپەل و پێداویستی گونجاوەوە تووشی سڕبوون ببوون و هەر بۆیە هەر پێنج هاوڵاتییەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی گشتی شاری شنۆ کراون.
ئێوارەی پێنجشەمە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بەهۆی بەفر و بۆرانەوە لە سنووری شنۆ و بەرزاییەکانی کێلەشین، ٥ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی «سەید فاخر پایمەرد»، «یوسف تەنخاه»، «هادی سەفیل»، «سەید کامیل پایمەرد» و «عەبدولمەجید تارەم» کە لەم سنوورە بە ناچاری کاریان دەکرد، بێسەروشوێن بوون.
شایانی ئاماژەیە، لە شەوی رابردووەوە تا کاتی ڕزگار بوونی ئەم هاوڵاتیانە، خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵێک لە شاخەوانان و ئەفرۆدسواران لە ناوچەکەدا، سەرقاڵی گەڕان بوون بۆ دۆزینەوەی ئەم کاسبکارانە.