ئومید مەزڵووم، هاوڵاتی شاری مهاباد لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخواز و برای موحسین مەزڵووم بەندکراوی سیاسی لەسێدارەدراو، بۆ دووەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ئومید مەزڵووم، هاوڵاتی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی گوندی «وەتەمیش» لە شاری مهاباد، بۆ دووەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مهاباد دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادگا ئەم هاوڵاتییەیان دەستگیر کردووە.
ئومید مەزڵووم، لە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مهاباد دەستگیر کرا و بۆ گرتووخانەی مهاباد گواسترایەوە. هێزەکان لە کاتی دەستگیرکردنیدا، وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، تەلەفۆنی ناوبراویان بردبوو. دواجار ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ ناوبراو بە بارمتەی ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی مهاباد ئازاد کرابوو.
ئومید مەزڵووم، برای موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسی لەسێدارەدراوی شاری مهابادە. موحسین مەزڵووم لە ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ لەگەڵ ٣ کەسی دیکە بە ناوی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و هەژیر فەرامەرزی لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی فەراجا (فەرماندەیی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران) لە ناوچەی سۆمای برادۆست لە شاری ورمێ دەستگیر کران. ئەم ٤ بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ پاش ١٨ مانگ بێسەروشوێنکران، لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارەدران. لەو کاتەوە تا ئێستا بەدواداچوونی خێزانەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکانیان بێ ئەنجام بووە و هێزە ئەمنییەکان لەبارەی شوێنی ناشتنی ئەم ٤ بەندکراوە سیاسییە وەڵامی خێزانەکانیان نادەنەوە.