خەباتی ژنان بەردەوامە

شۆڕشی ژینا بە دروشمی: “ژن، ژیان، ئازادی” کاریگەرییەکی حاشا هەڵنەگری لەسەر باشتربوونی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێران داناوە. ئەم بزووتنەوەیە، کە بە پێشەنگایەتی ژنان و کچانی گەنج دەستی پێکرد، تا ڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی بە نەریتی پیاوسالاری ناو بنەماڵە کرد و پێگەی ژنانی لە بنەماڵەدا بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک کە ئێستا ژنان ڕۆڵێکی بەرچاوتریان لە بڕیار و کاروباری ناو ماڵ و بنەماڵەدا هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی ناو بنەماڵەکان بوون بە پاڵپشتی ویست و داواکارییەکانی ژنان و پشتیوانی لەو ژنانە دەکەن کە لەدژی حیجابی ئیجباری و لەپێناو مافی پۆشینی جلوبەرگی ئازاد دا خەبات دەکەن. ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانە، ورەی خەباتکارانەی ژنانی بوێری لە ئاست سیاسەتمەدارە دژە ژنەکانی ڕێژیم، مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب و باقی هێزە بەکرێگیراوەکانی دیکە بەرز کردووەتەوە. هەرئێستا زۆرێک لە ژنان، بەبێ حیجابی ئیجباری لە ناو شوێنە گشتییەکاندا دەردەکەون. وەک ئەوەی کە پرچی پەرێشانی ژنان و کچانی گەنج، بووبێتە هێمای ئازادی کۆمەڵگای ئێران. ڕێژیمی ئیسلامی بە هەموو هێزی سەرکوت و کەڵک وەرگرتن لە مەئمووران و دەسەڵاتی قەزایی، چووەتە شەڕی ژنانی تێکۆشەر و ئازادپۆش. توندترین و نامرۆڤانەترین جۆری سەرکوتکردنی ڕێژیم بریتییە لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەو ژنە خەباتکارانەی کە بوونەتە هێمای خەبات لەدژی چەوساندنەوە و دەستەبەرکردنی یەکسانی و لەوانە خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان.

خاوەن پێشینەترین زیندانیی ژن کە سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی، بریتییە لە زەینەب جەلالیان. ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٨ەوە لە زینداندا بەسەردەبات، بە هۆی ئاشکراکردن و لەقاودانەکانی دژبە پاسەوانانی زیندان و دادوەرە بەکرێگیراوەکان، بووەتە هێمای خۆڕاگریی لە بەرامبەر جەللادان و زیندانوانەکانی ڕێژیمدا. ناوبراو کە نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، بۆ ئەوەی ئیزنی پێبدەن لە دەرەوەی زیندان چارەسەر بکرێت، داوای نووسینی تۆبەنامەی لێدەکەن، بەڵام ئەو، وەک هەمیشە ئەم پێشنیارە ڕسوایەی ڕەتکردووەتەوە. یەکێکی تر لە ژنە خەباتکارەکان و یەکێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، شەریفە محەممەدییە. ناوبراو کە دە ساڵ لەمەوبەر ئەندامی “کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان” بووە، بە پەروەندەسازی و تۆمەتی بێ بنەمای بەشداریکردن لە خەباتی چەکداریدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. شەریفە، سەرەتای دەستبەسەرکرانی، لەگەڵ ئەم تۆمەتە بەرەوڕوو نەبۆوە. بەڵام کاتێک بوێرانە لە بەرامبەر جەلادان و ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەشکەنجەگەراندا خۆڕاگریی کرد، تۆمەتی درۆیان بۆ هەڵبەست. ئەم بڕیارە دژە مرۆڤایەتییە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتەوە. کۆمەڵێک گروپ و ناوەندی پشتیوانی لەم هەڵسووڕاوە کرێکارییە ئازادیخوازە پێکهاتن و چەندین کەمپەین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەمەبەستی ئازادکردنی پێکهێنرا. سەرەنجام تێکۆشەرانی ئەو کەمپەینە بەربڵاوانە لە ناوەوە و دەرەوەی زیندان، توانیان کەشێک بخوڵقێنن کە دادگای باڵای ڕێژیم ناچار بکەن حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە هەڵبوەشێنێتەوە.

یەکێکی دیکە لە هەڵسووڕاوانی سیاسیی ژن، کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، پەخشان عەزیزییە. ئەو کە لە بواری فریاگوزاری دا خوێندویەتی، لە کاتی هێرشەکانی داعش، زۆر زوو بە هانای خەڵکی کوردستانی سوریا یان ڕۆژئاواوە چوو. ناوبراو هەموو لێهاتوویی و تواناکانی خۆی لەپێناو خزمەت بە قوربانیانی وەحشیگەرییەکانی داعشدا بەکارهێنا و دوای شکستهێنانی ئەو هێزە ئیسلامییە هەوسارپچڕاوە لەلایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دێموکراتیکەوە، گەڕایەوە بۆ ئێران و کەوتە داوی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە. ئەویش بەهۆی ڕاوەستاویی و خۆڕاگرییەکی بوێرانە لە بەرامبەر ئەشکەنجەی جەلادەکاندا، بەپێی پەروەندەیەکی ساختە ڕەوانەی دادگا کرا. پەخشان عەزیزی پاش نزیکەی ساڵێک ئەشکەنجە و ئازار، ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣، لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە تۆمەتی خەباتی چەکدارانە لە دژی حکوومەتی ئیسلامی، حوکمی ئێعدام و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. سێیەمین ژنی هەڵسووڕاوی سیاسیی کە لەگەڵ سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بەرەوڕوو بووەتەوە، وریشەی مورادییە. ناوبراو دوای دەستبەسەربوونی، لەگەڵ گەلێک ئەشکەنجە و ئازاری نامرۆڤانە بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام جەلادان و ئەشکەنجەگەران نەیانتوانی ورەی بشکێنن. ئەو لە زیندانیشدا، وەک هەڵسوڕاوێکی دژبە سزای لەسێدارەدان، بە نووسینی نامە و ناردنی پەیام و مانگرتن لە خواردن، پشتگیری لە سێشەممەکانی نا بۆ سزای لەسێدارەدان کردووە. ئەمانە و گەلێک نموونەی تر، نیشان دەدات کە تۆڵەسەندنەوەی ڕێژیم لە ژنانی تێکۆشەر، بە دەرکردنی حوکمی ئێعدام و زیندانیکردن، نەک هەر چاوترسێنی نەکردوون بەڵکوو ورەی خەباتکارانەی ئەوانی بۆ خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا، بەهێزتر کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ ئەرسەلان دیوارگەر بە ٣٦ مانگ زیندان سزا درا

د نوامبر 25 , 2024
ئەرسەلان دیوارگەر، هاوڵاتی شاری دیواندەرە و دانیشتووی سنە لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ٣٦ مانگ بەندی تەعزیری سزا درا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەرسەلان دیوارگەر، هاوڵاتی ٤٨ ساڵانی خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشووی شاری سنە، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانی بەسەردا سەپا. […]

You May Like