بانە؛ دەستبەسەرکرانی کۆڵبەران و کوشتاری ئەسپەکانیان لەلایەن حرس الحدود

ڕۆژی هەینی ٣١ خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە سنووری بانە، هێزەکانی حرس الحدود دەستیان بە دەستبەسەرکردنی کۆڵبەران و کوشتاری ئەسپەکانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی پاسەوانی سنووری حکوومەتی ناوەندی عێراق (حرس الحدود) لە هێڵی سنووری بانە دەستیان بە دەستبەسەرکردنی بەشێک لە کۆڵبەران کرد و لە هەمان کاتدا بە تەقەی ڕاستەوخۆ ئەسپەکان و ئاژەڵانی باربەری ئەم کۆڵبەرانەیان کوشت.
ناسنامە و ژمارەی کۆڵبەرانی دەستبەسەرکراو لە لێکۆڵینەوەدایە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە پێشتریش هێزەکانی حرس الحدودی عێراق دەستیان بە دەستبەسەرکردن، لێدان و ئەشکەنجەی کۆڵبەران کردبوو.
هەروەها لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، هێزەکانی حرس الحدود تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و کە بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناسنامەی «هوشیار مەحمودی» کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربوو.

کۆڵبەرنیوز سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم کارە هاوئاهەنگییەی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی فاشیستی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق، ئەم ڕووداوانە بە بەشێک لە ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان دوو ڕژیم لە دژی خەڵکی کوردستان دەزانێت.
ئەو داتایانەی لە ناوەندی ئاماری کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، نیشانی دەدات کە دەستپێکی ساڵی ١٤٠٣ بۆ کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان، بە گشتی بە توندوتیژی و کوشتار بووە و لەم ماوەیەدا (لە سەرەتای ساڵ تا کۆتایی خاکەلێوەی ١٤٠٣)، ١٠ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژران و ٣٩ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ٦٣٪ لەم حاڵەتە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ مەحکوومکردنی سۆما پورمحەمەدی بە زیندان و دوورخستنەوە

د آوریل 22 , 2024
“سۆما پورمحەمەدی” لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لەلایەن دادگەی ئینقلابی ئەم شارە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرماشان مەحکووم کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سۆما پورمحەمەدی لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی نوژین بە زیندان و دوورخستنەوە مەحکووم کرا. بەپێی ئەو حوکمەی کە […]

You May Like