بەهمەن نادری، هاوڵاتی شاری کرماشان لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە ساڵێک بەندی هەڵپەسێردراو و دانی پارە سزا درا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەپێی سزایەک کە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کرماشان دەرکراوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە بەهمەن نادری ڕاگەیەندراوە، ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم»، بە ساڵێک بەندی هەڵپەسێردراو و دانی ١٠ ملیۆن تمەن پارە سزا درا.
بەهمەن نادری لە ناوەڕاستی گوڵانی ١٤٠٣ بە بۆ لقی یەکی دادگای کرماشان بانگ کرابوو. ئەم هاوڵاتییەی شاری کرماشان لە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان گواسترابوویەوە. ئەم هاوڵاتییە بە تەواوبوونی لێپرسینەوە لەگەڵیدا بۆ گرتووخانەی «دیزڵئاوا»ی کرماشان گواسترایەوە. بەهمەن نادری لە ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کرا. بەهمەن نادری، خێزاندار و لەدایکبووی گوڵانی ١٣٦٩یە کە لە ڕابردووشدا ئەزموەنی دەستبەسەرکران و بەدواداچوونی یاسایی هەبووە.