ئیبراهیم گوڵعەنبەر، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ و لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣، ئیبراهیم گوڵعەنبەر، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری جوانڕۆ و برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کاتێکدا ئەم هاوڵاتییە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە تارانەوە دەگەڕانەوە بۆ جوانڕۆ، بە بێ فەرمانی دادگا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کرماشانەوە لە نزیک «بێستوون» دەستبەسەر کراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، ئیسماعیل گوڵعەنبەر، هاوڵاتیی شاری جوانڕۆ، دوای ڕێوڕەسمی ناشتنی دوو کەس لە قوربانیانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری جوانڕۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ گیانی لە دەست دا.
تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکار و شوێنی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم هاوڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە.