ماوەی سزای جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری پیرانشار کۆتایی پێ هات.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ ماوەی سزای جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری پیرانشار کە بۆ سنووردارکردنی هاتوچۆ و چاودێریکردنی لە ڕێی پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە گۆڕابوو، کۆتایی هات.
لە جۆزەردانی ١٤٠٣ سزای ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ سزای زیندانی کراوە گۆڕابوو و ماوەی زیندانییەکەی بە چاودێریکردن لە ڕێگەی پێبەندی ئەلیکترۆنی و لە دەرەوەی گرتووخانە بەسەر برد. شایانی باسە ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دادگاییەکەیدا لە هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و پاش جێبەجێکردنی سزاکەشی، داوای ناوبراو بۆ هەبوونی پارێزەر لەلایەن دادوەری دۆسییەکەوە ڕەت کرابوویەوە.
لە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ جەماڵ عەلیزادە، هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار بۆ بەسەربردنی سزای زیندانیکردنی بۆ گرتووخانەی نەغەدە گواسترایەوە. ئەم هاوڵاتییە لە سەرەتاکانی گوڵانی ١٤٠٢ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ئۆجاقلو، بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی دژبەر»، بە دوو ساڵ و شەش مانگ بەندی تەعزیری سزا درابوو. جەماڵ عەلیزادە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری پیرانشار لە ماڵەکەیدا دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە. ئەم هاوڵاتییە لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی سێ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی دادگاییەکەی لە گرتووخانەی نەغەدە ئازادکرابوو.