ئامانجی سەردانی دوو ڕۆژەی بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەت بۆ سیستان و بەلووچستان

مەسعوود پزیشکیان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی کابینەی دەوڵەت پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٣، بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتنە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار گەڕانەوە بۆ تاران. پزیشکیان لە بەندەری چابەهار کە ناوەندی سەرەکی سەردانەکەی بوو، چووە ناو خەڵک و بەڵێنی پێدان کە لە ڕێگەی وەبەرهێنان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی کەمکردنەوەی هەژاری و گەشەپێدانەوە، داهاتوویەکی تێروتەسەلیان بۆ دابین دەکات. بەڵام لە هەمانکاتدا دانی بەوەدانا کە دۆخی بەلوچستان لەچاو ئەو کاتەی کە ناوبراو بە گەنجی وەک سپای گەشەپێدان و ئاوەدانی ڕەوانەی ئەو پارێزگایە کراوبوو، زۆر خراپتر بووە.

چابەهار، وەک بەشێک لە کەناراوەکانی مەکران و تاکە بەندەری دەریایی ئێران، بەشێکە لە تەرحی چین لە ڕێگای دەریایی ئاوریشمی نوێ. دەوڵەتی چین لە مێژە لە شاری چابەهار خەریکی دروستکردنی ژێرخانە بەو ئامانجەی کە چابەهار وەک ناوەندێکی دابەشکردن و گەیاندن بەکاربهێنێ و کاڵا و بەرهەمەکانی خێراتر بگەیەنێتە باشووری ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئورووپا. ئەگەر تا دوێنێ هەژاری و دواکەوتوویی ئابووری، بەشێک بووبێت لە ئازار و مەینەتی زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، دەستپێکی جێبەجێکردنی ئەم پلانەش ئاوارەیی و دەربەدەری ئەو خەڵکەی بەدوای خۆیدا هێناوە. پلانی کۆچ پێکردنی زۆرەملێی بەلووچەکان و جێگیرکردنی کەسانی سەر بە ڕژیم، چەندین ساڵە لەو ناوچەیە بەردەوامە، بەڵام ئێستا ئەم پلانە بە توندوتیژی و خێراییەکی زیاترەوە جێبەجێ دەکرێت. پلانێکی کە هەردو ڕژیمەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە خوزستان لە دژی عەرەبەکان بەڕێوەیان بردووە، ئێستا لە مەکران لە دژی بەلوچەکان جێبەجێ دەکرێت. دەسەڵاتداران وەک مەترسییەک چاو لەو خەڵکە شەریف و مافخوازە دەکەن.

بەڵام کەناری ٩٠٠ کیلۆمەتری مەکران، ئێستا جگە لە پێگەی ئابووری، پێگەیەکی سیاسیشی بەدەستهێناوە. بەشێک لە ئەندامانی کابینەی دەوڵەت ئیدیعای ئەوە دەکەن کە گۆیا بەنیازن پایتەختی سیاسی ئێران بگوازنەوە بۆ ناوچەی مەکران. بیانووی پزیشکیان ئەوەیە کە تاران ئیمکانی گەشەکردنی نییە و پێویستە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەی پڕ ئاو و ئیمکاناتی مەکران. ئەڵبەتە تاران لەسەر یەکێک لە هێڵە مەترسیدارەکانی بوومەلەرزە هەڵکەوتووە، کە ئەندامانی کابینەی دەوڵەت ئاماژەی پێناکەن. چونکە نایانەوێت چاوەڕوانییەکی ئەوتۆ پێکبهێنن کە ناتوانن جێبەجێی بکەن. پلانی گواستنەوەی پایتەختی ئێران بۆ بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی مەترسی بوومەلەرزەیەکەوە نییە کە ماڵ و حاڵی ئەوان وێران ناکات، بەڵکوو پلانێکی ئەمنییەتییە. ئەم پلانە سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەی ١٣٨٩ و دوای ئاخێزی ساڵی ١٣٨٨، لەلایەن ئەحمەدی نەژادەوە پێشنیار کرا. لە سەردەمی کابینەی ئەحمەدی نەژاددا، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە لانیکەم ٦١٨ میلیارد دۆلار داهاتی دەستکەوت. دزیی لەڕادەبەدەر و خەرجکردنی پارەی بێ درێغ و بەلێشاو لەپێناو پەروەردەکردنی تیرۆریست لە ناوچەکە، هیچ پارەیەکی بۆ گواستنەوەی پایتەخت نەهێشتەوە. ئێستا کابینەیەکی کە تەنانەت ڕێگەی پێنادرێت دەستی بەو سەدان ملیارد دۆلارە بگات کە لە لایەن بەیتی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و بە وتەی سەرۆکەکەی، پووڵی ئەوەیان نییە کە مووچەی خانەنشینان دابین بکەن، چۆن دەتوانێت تێچووی سەرەتایی ٢٣ ملیارد دۆلاری پڕۆژەی گواستنەوەی پایتەختە دابین بکات.

واقیعییەت ئەوەیە کە پلانی گواستنەوەی پایتەخت بۆ کەنارەکانی مەکران لە ئێستادا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە. یەکەمیان بریتییە لە خێراترکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی خەڵکی بەلووچی ئەو ناوچەیە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی چینی بتوانن بە خەیاڵێکی ئاسوودە، لەوێ و بەتایبەت لە شاری چابەهار، وەبەرهێنانی زیاتر و ئامادەکارییەکانی ئەوێ خێراتر بکەن. بەڵام ئامانجی دووەم بریتییە لە بەلاڕێدا بردن و دوورخستنەوەی سەرنج و ڕای گشتیی لە هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە شکستە بەردەوام و یەک لەدوای یەکەکانی ڕێژیم بە هەواڵی بێبنەمای پەیوەست بە ئاوەدانی و گەشەکردن و پێشکەوتن. ئەمجۆرە تاکتیکانەی کە پێبەپێی چڕبوونەوەی سەرکوتی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەرەوپێش دەچێت، بەر دیواری وشیاریی ناڕازییان، خەباتکاران و تێکۆشەران دەکەوێت و بە دژی ڕێژیمی داماو و سەرلێشێواو دەشکێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ورمێ؛ ڕاگواستنی گەلاوێژ محەمەدی ئەرشەد بۆ گرتووخانە، بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی

د ژانویه 13 , 2025
گەلاوێژ محەمەدی ئەرشەد، هاووڵاتی خەڵکی شاری مهاباد بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ورمێ گواسترایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ گەلاوێژ محەمەدی ئەرشەد، هاوڵاتیی خەڵکی شاری مهاباد پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای مهاباد، دەستبەسەرکرا و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ بەندی ژنانی گرتووخانەی ورمێ […]

You May Like