بە تێپەڕینی هەفتەیەک لە دەستبەسەرکرانی ئەفشین حسێن پەناهی، ئەم چالاکە مەدەنییە هێشتا دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەفشین حسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی بە تێپەڕینی زیاتر لە هەفتەیەک دەستبەسەری ئەم چالاکە هێشتا چارەنووسی ڕوون نییە. ئەم چالاکە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر شوێنی کارەکەی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەرکراوە. پاش دەستبەسەرکردنی، هێزەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم چالاکە و ماڵەکەیان پشکنیووە.
بە تێپەڕینی هەفتەیەک لە دەستبەسەرکرانی، هێشتا هۆکاری دەستبەسەرکردنی ڕوون نییە و ئەم چالاکە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بەسەردەبات. ئەفشین حسێن پەناهی پێشتر لە خەزەڵوەری ١٣٩٦ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ پارتێکی کوردی، بە ٨ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری سزا درابوو. ئەم چالاکە لە ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەستبەسەرکردنی براکەی ڕامین حسێن پەنایی، لە ماڵەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەم چالاکە مەدەنییە هەروەها لە ١٣٩٠ بە تۆمەتی بانگەشە دژی ڕژیم، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری سزا درا و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە گرتووخانە ئازاد کرا. ڕامین حسێن پەنایی، برای ئەفشین، بەندکراوی سیاسی بوو کە لە ساڵی ١٣٩٧ لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسی دیکە لە سێدارەدرا.