حامید ڕەزایی، هاوڵاتی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی پاش بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لەبارەی ڕووداوی کوژرانی دیوانی باڵای وڵات لە ڵاپەڕەی ئینستاگرامەکەی کە ئەدمینی بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ حامید ڕەزایی، هاوڵاتی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی گوندی بانی ساکان سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی پاش بڵاوکردنەوەی ڕووداوی کوژرانی دیوانی باڵای وڵات لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا کە ئەدمین بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە لێدان و ئەشکەنجە دەستبەسەر کراوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە حامید ڕەزایی کە لەگەڵ خێزانەکەی لە ڕێگەی گەشتکردن بۆ شاری جوانڕۆ بوون، لە نیوەی ڕێگەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە لێدان و ئەشکەنجەی زۆر سەخت لەبەر چاوی دایک و خوشکەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپا گواسترایەوە. بەو هۆکارەی کە لەم دەستبەسەرگەیە دووبارە ئەشکەنجە دراوە توانای قسە کردنی لەدەستداوە. هێزە ئەمنییەکان ئەم هاوڵاتییەیان بۆ نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی گواستەوە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان لە نەخۆشخانەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک، دۆخی دەروونی حامید ڕەزایی ناجێگیرە و توانای قسە کردنی نیە.
هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاوڵاتیەیان دەستبەسەر کردووە. ئەم هاوڵاتیە پێشتریش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە بانگهێشت کراوە.