مەجید حەمیدی، سەیدغالب حسێنی، عەبدوڵڵا خەیراوایی، نامێق باباخانی و ئیقباڵ شەعبانی، پێنج چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە بۆ ناوەندی لێپرسینەوەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ مەجید حەمیدی، سەیدغالب حسێنی، عەبدوڵڵا خەیراوایی، نامێق باباخانی و ئیقباڵ شەعبانی، پێنج چالاکی کرێکاری شاری سنە پاش بانگهێشت کردنیان بۆ ناوەندی لێپرسینەوەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەهۆی چالاکییە مەدەنی و کرێکارییەکان لێپرسینەوەیان لەم چالاکانە کردووە و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لێکردوون.
ئەم بانگهێشتانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە لەم هەفتانەی دواییدا فشارەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە زۆر زیادی کردووە. فشارەکان و بانگهێشتەکانی ئەم دواییە، نیشاندەرن کە سیاسەتەکانی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ دروستکردنی کەشێکی ترس و تیرۆر و ڕێگری لە هەر جۆرە چالاکییەکی ناڕەزایەتی و ڕێکخراوی کرێکارانی شاری سنەیە. هەموو ئەم چالاکە کرێکارییانە پێشتر بەهۆی چالاکییە کرێکاری و مەدەنییەکانەوە بانگهێشت کراون و دەستبەسەر کراون و سزایان بەسەردا سەپاوە.