ئیبراهیم محەممەدی، زیندانی سیاسی لە زیندانی شاری سنە کە مانیگرتبوو، ڕۆژی شەممە بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئیبراهیم محەممەدی، بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی شاری سنە گواستراوەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گواستنەوەی ئەم هاوڵاتییە بۆ زیندانی تاکەکەسی، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەنجامدراوە. ناوبراو لە دوازدەی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی دژی سەپاندنی سزای زیندانیکردنی، دەستی بە مانگرتن کردووە.
لە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، ئەم هاوڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ١٧ی بەفرانبار، لە زیندانی شاری سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئیبراهیم محەممەدی، لە بیستی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە ١٢ مانگ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێنرا. سزای سەپێندراو پاش پێداچوونەوەی لە ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان بە سەرۆکایەتی دادوەر «سادق حاتەمی» و ڕاوێژکاری «فەرەیدون ڕۆستەمی» پەسەند کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، بۆ تێپەڕاندنی سزای زیندانییەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی شاری سنە گواستراوەتەوە.