ئاروین نیکپەی، لاوێکی خەڵکی شاری مەریوان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتەکان؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی 1402، ئاروین نیکپەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوان، چوار مانگ پاش دەستبەسەربوونی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئازاد کرا.
شایانی باسە کە ئەو لاوە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە، ئەشکەنجە دراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریشی بێبەری و بێبەش کراوە.