فەرزاد عەزیزی و ئەدیب ڕەنجبەری دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی – بانە کردووە، کە لە ئەنجامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی، فەرزاد عەزیزی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان و ئەدیب ڕەنجبەری خەڵکی شاری سەقز، بە سەختی بریندار بوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فەرزاد عەزیزی لە مەودایەکی نزیکەوە بە گوللەی ساچمەیی کراوەتە ئامانج و لە پشت و کەمەرەوە بە سەختی بریندار بووە. جێگای ئاماژەیە کە فەرزاد عەزیزی بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی شهدا لە تەورێز گواسترایەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.