بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژێم لە سنووری هەنگەژاڵ – بانە، منداڵێکی کۆڵبەر بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، یەکشەممە ٨ ڕێبەندانی ١٤٠٢، هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سنووری هەنگەژاڵ – بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد، لە ئەنجامدا منداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵەی کۆڵبەر، بە ناسنامەی “کارۆ” خەڵکی شاری سەقز، برینداربوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن.